ئامێرە هەمەجۆرەکان
19, تشرینی دووهم 2019
ڕەنگە کۆنتڕۆڵی نوێی PlayStation 5 بەم شێوەیە بێت

پێشووتر زانیمان کە PlayStation 5 لە هاوینی ساڵی داهاتوودا لە لایەن کۆمپانیای Sony ـییەوە ڕادەگەیەندرێت. وە ئێستا، ڕەنگە بۆ کەمێک بزانین کە کۆنتڕۆڵی نوێی پلەیستەیشنە نوێیەکە چۆن دەبێت.
ژمارەیەک وێنەی کێشراوی کۆنتڕۆڵی نوێی PlayStation 5 لە ماڵپەڕێکی ژاپۆنیدا کە دەگوترێت هاوبەشی Sony ـییە بڵاوکراونەتەوە. هەر بە بینینی کۆنتڕۆڵەکە، یەکسەر ئەوەت بە مێشکدا دێت کە زۆر لە کۆنتڕۆڵی DualShock 4 ـی PlayStation 4 دەچێت. بە وردبوونەوە لە کۆنتڕۆڵەکە، درکی پێ دەکەیت کە خاوەن دەرچەی نوێی USB-C دەبێت لە ژێرەوە بۆ بارگاویکردنەوە، هەروەها وا دیارە هێڵی گڵۆپی پشتەوە لەم کۆنتڕۆڵە نوێیەدا ماڵئاوایی دەکات.
لە پێشوودا کۆمپانیای Sony ئاشکرای کردبوو کە کۆنتڕۆڵی نوێی PlayStation 5 خاوەن تەکنەلۆژیای Haptic feedback دەبێت بۆ لەرینەوە لە جیاتی تەکنەلۆژیای Rumble. هەروەها ئاماژەشی بەوە دا کە گونجاندنی زیاتر بۆ دوگمەکانی L2 و R2 ئەنجام دەدات.
کۆمپانیای Sony لە ماوەی ڕابردوودا ڕایگەیاند کە سەکۆی PlayStation 5 لە ساڵی داهاتوودا نمایش دەکرێت.
ماکوان بەرزان
نووسەری پێشکەوتوو، هەوادار و گەشەپێدەری سەکۆکانی ئەپڵ.