10
ئامێرە هەمەجۆرەکان 22, تشرینی دووه‌م 2019 بۆچوون

مایکرۆسۆفت بەردەستکردنی بیستۆکی بێوایەری Surface Earbuds دوا دەخات بۆ ساڵی داهاتوو

وا بڕیار بوو لە کۆتاییەکانی ئەمساڵدا کۆمپانیای مایکرۆسۆفت بیستۆکی بێوایەری Surface Earbuds ـی بەردەست بکردایە، بەڵام کۆمپانیاکە لە پلانیدایە کاتی بەردەستکردنی بیستۆکە بێوایەرەکە بخانە ساڵی داهاتوو.

بەڕێز Panos Panay بەڕێوەبەری گشتی کۆمپانیای مایکرۆسۆفت، لە جریوەیەکدا لە ئەمڕۆدا ڕایگەیاندووە کە بە مەبەستی دڵنیایی زیاتر بۆ گواستنەوەی باشترین ئەزموون بۆ هەواداران و کڕیارانمان، بیستۆکی بێوایەری Surface Earbuds لە بەهاری ساڵی داهاتوودا بەردەست دەکرێت، نەوەک لە کۆتاییەکانی ئەمساڵدا.

بەڕێز Panay هۆکاری دواخستنی ڕێکەوتی بەردەستکردنی بیستۆکە بێوایەرەکەی ئاشکرا نەکردووە، بەڵام ڕوونە کە تاقیکردنەوەکان بە پێی پلانەکان بەڕێوە نەچوون تاوەکو مانگی داهاتوو بەردەست بکرێت. هەر بۆیە مایکرۆسۆفت لە بەهاری ساڵی داهاتوودا بیستۆکی بێوایەری Surface Earbuds بە ڕەنگەکانی خۆڵەمێشی و سپییەوە بەردەست دەکات.

مێژووی ڕاگەیاندنی بیستۆکی بێوایەری Surface Earbuds دەگەڕێتەوە بۆ مانگێک لەمەوبەر، کە لە بۆنەیەکی تایبەتدا و لە پاڵ ڕاگەیاندنی لاپتۆپەکانی Surface Pro 7 و Surface Laptop 3 و Surface Pro X ـدا بە نرخی 249$ ڕاگەیاندرا.

سەرچاوە The Verge
بۆچونی تۆ