گووگڵ 22, تشرینی دووه‌م 2019

بە فەرمی ساڵی داهاتوو کۆمپانیای گووگڵ کۆتایی بە خزمەتگوزاری Cloud Print دەهێنێت

گووگڵ بە فەرمی ڕایگەیاند کە خزمەتگوزارییەکی دیکەی بەمنزیکانە ماڵئاوایمان لێ دەکات، ئەویش خزمەتگوزاری Cloud Print ـە.

خزمەتگوزاری Cloud Print تایبەتە بە چاپکردنی بەڵگەنامەییەکان لە ڕێگەی وێبگەڕی Google Chrome ـەوە و ڕاستەوخۆ خزمەتگوزارییەکە پەیوەندی لەگەڵ ئامێری چاپکەر (Printer) ـدا درووست دەکات و بەڵگەنامەییەکان چاپ دەکات. مێژووی بەردەستکردنی دەگەڕێتەوە بۆ ساڵی 2010. خزمەتگوزارییەکە بە سوودە، بەڵام وا دیارە تەمەنێکی کەمی ماوە. گووگڵ ڕایگەیاند لە ڕێکەوتی 31 ـی مانگی 12 ـی ساڵی داهاتوودا بە فەرمی پشتگیری خۆیان لە خزمەتگوزارییەکە دەوەستێنن و بە یەکجاری کۆتایی پێ دەهێنن.

ڕاگەیاندنی وەستاندنی خزمەتگوزارییەکە لە پەڕەیەکی پاڵپشتی ماڵپەڕی فەرمی گووگڵدا هاتووە. لەو ساتەوەی کە خزمەتگوزارییەکە بەردەست کراوە، هەر لە قۆناغی تاقیکاریدا ببوو.

ڕەنگە کۆتایی پێهێنانی ئەم خزمەتگوزارییە بۆ تۆ هیچ مانایەکی نەبێت، بەڵام بۆ هەندێک مایەی دڵگرانییە و کاروباری ڕۆژانەیان بە هۆی خزمەتگوزارییەکەوە دەڕوات بەڕێوە. وەکو ئەم بەکارهێنەرە، کە دەڵێت هەموو چاپکەر (Printer) ـەکانی و چاپکەرەکانی خێزانەکەی و هەموو چاپکەرەکانی شوێنی کارەکەی خزمەتگوزارییەکە بەکاردەهێنن:

گووگڵ هۆکاری کۆتایی پێهێنانی خزمەتگوزارییەکەی ئاشکرا نەکردووە، بەڵام هیوادارین لەبەر هۆکارێکی قایلکەر بووبێت. لە کاتی ئاشکرابوونی هۆکاری ئەنجامدانی ئەم کارە لە لایەن گووگڵەوە، ئەم بابەتە نوێدەکرێتەوە.

سەرچاوە The Verge
بۆچونی تۆ