ئەپ و نەرمەکاڵا 6, كانونی یه‌كه‌م 2019

سپۆتیفای ئاماری تەواوەتی ساڵانەی بۆ بەکارهێنەران ئامادەکرد، لە کاتێکدا Apple Music تا ئێستا ئەمەی نەکردووە

تۆڕی Spotify توانی گرەوەکەی لە Apple Music بباتەوە و ئاماری تەواوەتی ساڵ و دەیەی 2010 ـی بەر لە چەند ڕۆژێک لە تەواوبوونی ئەمساڵ و ئەم دەیەیە بۆ بەکارهێنەران ئامادە کرد. وە وا دیارە هەمووان (تەنانەت منیش) ئاماری گوێبیستبوونیان لە Spotify لە ڕێگەی فەیسبووک، ئینستەگرام، تویتەر و سناپ چات بڵاو دەکەنەوە. بێجگە لە بەکارهێنەرانی Apple Music، چونکە تاوەکو ئێستا ئەپڵ ئامارێکی لەم شێوەیەی بۆ بەکارهێنەرانی ئەو تۆڕە ئامادە نەکردووە.

لە نێو ئەپی Spotify ـدا، تۆڕەکە ئاماری تێر و تەسەلی زۆرترین گۆرانی گوێلێگیراو، باشترین گۆرانی و گۆرانیبێژەکانت، ماوەی گوێگرتنت لە ساڵەکەدا، خشتەی پۆلێنی گۆرانییەکان و زیاتری لەو کاتەوەی کە خاوەن هەژماری Spotify ـیت تاوەکو ساڵی 2019 بۆ ئامادە کردوویت. ئەمساڵ جیاواز لە ساڵانی دیکە، Spotify بە تەواوەتی سەرنجی خستۆتە سەر دیزاینکردنی ئەم ئامارە، چونکە ئەمساڵ کۆتایی دەیەیە و چەند ڕۆژێکمان ماوە تاوەکو ماڵئاوایی لە دەیەی 2010 بکەین.

وا دەردەکەوێت کە Spotify یارییەکەی لە Apple Music بردەوە و هێندەی دیکە سەرنجی هەوادارانی بە لای خۆیدا ڕاکێشا. چونکە ئامارەکە بە شێوەیەک نایاب و بێ کەم و کورتییە، کە ناتوانیت ناڕازی ببیت بەرامبەری.

لە لایەک بەکارهێنەرانی Apple Music بە هیچ شێوەیەک خۆشحاڵ نین کە دەبینن ئەپڵ ئامارێکی هاوشێوەی Spotify ـیان بۆ ئامادە ناکات. ئەمەش ڕەنگە ببێتە هۆکاری ڕاکێشانی ژمارەیەکی زۆر لە بەکارهێنەرانی Apple Music بۆ Spotify. هەر وەک ئەم دوو بەکارهێنەرە نیازی خۆیان نیشانداوە تاوەکو واز لە بەکارهێنانی Apple Music بهێنن و دەست بکەن بە بەکارهێنانی Spotify:

دەتوانیت ئەم ئامارەی Spotify لە پەڕەی سەرەکی ئەپەکەدا بدۆزیتەوە.

بۆچونی تۆ