ئامێرە هەمەجۆرەکان
6, کانوونی دووەم 2020
کاتژمێری زیرەکی Suunto 7 وەکو یەکەمین کاتژمێری زیرەک بە پڕۆسێسەری Snapdragon Wear 3100 ـەوە نمایشکرا

ڕەنگە هەرگیز ناوی Suunto ـت نەبیستبێت، بەڵام لە ڕاستیدا کۆمپانیایەکی زۆر دێرینە و دەیان کاتژمێری زیرەک و دەستبەندی وەرزشی هەیە. کۆمپانیاکە لە میانەی بەڕێوەچوونی پێشانگای CES 2020 ـدا، کاتژمێری زیرەکی Suunto 7 ـی وەکو یەکەمین کاتژمێری زیرەک بە پڕۆسێسەری Snapdragon Wear 3100 و وەکو یەکەمین کاتژمێری زیرەکی خۆی بە سیستەمی Wear OS ـەوە نمایشکرد.
کاتژمێری زیرەکی Suunto 7 کاتژمێرێکی بچکۆلانە نییە، خاوەن ڕوونمایەکە بە قەبارەی 50 میلیمەتر (1.97 ئینج). نوێترین پڕۆسێسەری Snapdragon Wear 3100 ـی لەسەر جێگیر کراوە. پشتگیری لە تایبەتمەندی GPS دەکات و خاوەن نەخشەی دەرهێڵی، هەستەوەری ترپەی دڵ، بەرزی پێو، پێوانەکردنی خەوتن و 70 دۆخی جیاوازی وەرزشکردنە. سوپاس بۆ سیستەمی کارپێکەری Wear OS، خاوەن یاریدەدەری دەنگی Google Assistant و ئەپی نەخشەیی Google Maps و ئەپی وەرزشی Google Fit و ئەپە سەرەکییەکانی دیکەی سیستەمەکەیە.

کۆمپانیاکە دەڵێت پاتری کاتژمێرە زیرەکەکە بەرگەی تاوەکو 48 کاتژمێر لە بەکارهێنانی بەردەوام، تاوەکو 12 کاتژمێر لە بەکارهێنانی خزمەتگوزارییەکانی GPS و GLONASS و Galileo دەگرێت. ئەگەر ڕاست بێت، ئەوا زۆر نایاب دەبێت.
لە ڕووی لاشەوە، کەمێک چوارچێوەکانی ڕوونماکەی زۆرن، لە لایەک کە ڕوونماکەی زۆر گەورەیە و کێشی 70 گرامە. تاوەکو قووڵی 50 مەتر بەرگەگرە بەرانبەر بە ئاو.
کاتژمێری زیرەکی Suunto 7 لە کۆتاییەکانی ئەم مانگەدا بە نرخی 499.99$ ـەوە بەردەست دەکرێت بۆ فرۆشتن.
ماکوان بەرزان
نووسەری پێشکەوتوو لە Kitn لە ٢٠١٨ ـەوە.
ئەندازیاری iOS لە Gateway.
خوێندکاری ئەندازیاریی ئایتی لە زانکۆی پۆلیتەکنیکی سلێمانی.