10
ماک 15, كانونی دووه‌م 2020

ئێستا وێبگەڕی Microsoft Edge ـی بنچینەکراو لەسەر Chromium بەردەستە بۆ هەمووان

زیاتر لە ساڵێک دەبێت کۆمپانیای مایکرۆسۆفت ئاشکرای کرد کە لە پلانیاندایە وێبگەڕی سەرچاوە کراوەی Chromium ـی گووگڵ بەکاربهێنن بۆ داڕشتنەوەی وێبگەڕی Microsoft Edge، هەروەها چەند مانگێکیش دەبێت کە وێبگەڕەکە بە شێوەی تاقیکاری بەردەست کرا. لە کۆتایدا، ئەمڕۆ کۆمپانیاکە وێبگەڕی Microsoft Edge ـی بنچینەکراو لەسەر وێبگەڕی سەرچاوە کراوەی Chromium بۆ بەکارهێنەرانی macOS و دواین وەشانەکانی Windows بەردەستکرد.

وێبگەڕی داڕێژراوەی Microsoft Edge خاوەن دیزاینێکی نوێیە و لە کاتی بەکارهێنانیدا، هەست دەکەیت کە وێبگەڕی Chrome ـی گووگڵ بەکاردەهێنیت، تەنانەت پشتگیری لە زیادکراوەکانی وێبگەڕی Chrome ـیش دەکات. بەڵام لەگەڵ بەردەستکردنی یەکەمین وەشانی جێگیریدا، وێبگەڕە نوێیەکە خاوەن هاودەمیکردنی مێژووەکان (History Sync) و هاودەمیکردنی زیادکراوەکان (Extension Sync) نییە، بەڵام سەرجەم بەشەکانی دڵخوازەکان، ڕێکخستنەکان، ناونیشانەکان، تێپەڕەوشەکان و زانیارییە کەسییەکان دەتوانن هاودەم ببنە سەر هەژمارەکەت و لەدەست نەچن. پشتگیری هاودەمیکردنی مێژووەکان و زیادکراوەکان لە کۆتاییەکانی ئەمساڵدا بۆ وێبگەڕەکە زیاد دەکرێت.

وێبگەڕەکە پشتگیری لە تایبەتمەندییەکانی دژە شوێنکەوتن (Anti-tracking) و Dolby Atmos و Dolby Vision و کارپێکردنی 4K Netflix دەکات. مایکرۆسۆفت کاری لەسەر پارێزگاریکردنی پەڕگە هەڵگیراوەکان و مێژووەکانی بەکارهێنەران کردووە لە وێبگەڕەکەدا.

هەر لەگەڵ بەردەستکردنی وێبگەڕەکە لە ئەمڕۆدا، لەسەر ماکەکەم تاقیم کردەوە. بەڵام ڕاستگۆ بم، هیچ بە دڵم نەبوو، نەوەک لەبەر دیزاین و تایبەتمەندییەکانی، بەڵکو لەبەر ئەوەی کە خاوبوونەوەیەکی زۆرم بەدی دەکرد لە کاتی بەکارهێنان و کردنەوەی پەڕەکاندا، نەیتوانی بیروڕام بگۆڕێت لەسەر وازهێنان لە بەکارهێنانی Safari و بەردەوام بوون لە بەکارهێنەرانی وێبگەڕەکە!

وێبگەڕی Microsoft Edge ـی بنچینەکراو لەسەر Chromium بەردەستە بۆ سیستەمەکانی macOS و Windows 7 و Windows 8 و Windows 8.1 و Windows 10. دەتوانیت کرتە لێرە بکەیت بۆ داگرتنی.

ئەوەی جێگەی ئاماژەپێکردنە، وێبگەڕەکە تەنانەت پشتگیری لە Windows 7 ـیش دەکات، لە کاتێکدا کە دوێنێ مایکرۆسۆفت ڕایگەیاند چیدیکە پشتگیری لە سیستەمی ناوبراو ناکات. دیار نییە کە کەی پشتگیری ئەم وێبگەڕەشی لەسەر سیستەمەکە ڕادەگرێت.

بۆچونی تۆ