شاومی 20, كانونی دووه‌م 2020

یەکەمین وێنە زیندووەکانی مۆبایلی Xiaomi Mi 10 Pro دزەیان پێکرا

وا چاوەڕوان دەکرێت کۆمپانیای شاومی مانگی داهاتوو مۆبایلی Xiaomi Mi 10 Pro نمایش بکات، هەروەها لە ڕابردوودا، ڕێندەرە جیاوازەکان و دزەپێکراوەکانمان سەبارەت بە مۆبایلەکە بینی. ئێستا، وێنە زیندووە دزەپێکراوەکانی مۆبایلەکەمان لایە.

پێگەی GSMArena، لە ڕێگەی سەرچاوەیەکەوە ژمارەیەک وێنەی زیندووی مۆبایلی Xiaomi Mi 10 Pro ـی دەست کەوتووە کە دیزاینی تەواوەتی مۆبایلەکەمان بۆ ئاشکرا دەکات. لە وێنە زیندووەکاندا، دەردەکەوێت کە مۆبایلەکە لە پشتەوە خاوەن 4 دانە کامێرای ڕیزکراوی ستوونی دەبێت و کە کۆتا دانەیان لە دەرەوەی چوارچێوەی سیانەکەی دیکەیە. هەروەها لە لاتەنیشتەوە خاوەن دوگمەکانی وزە و کۆنتڕۆڵکردنی دەنگ دەبێت و لە خوارەوەش خاوەن دەرچەی USB-C دەبێت.

وێنەی زیندووی پێشەوەی مۆبایلەکەش بڵاو کراوەتەوە، بەڵام مۆبایلەکە خامۆشە و ڕوونماکەی کار ناکات. بە کەمێک ورد بوونەوە، چاڵی ژێر ڕوونماکەی لە بەشی چەپی سەرەوەی مۆبایلەکەدا بەدیار دەکەوێت.

وێنە زیندووە دزەپێکراوەکانی دیکە بریتین لە پاکەت و ئەداپتەری بارگاویکردنی مۆبایلەکە. پاکەتەکەی ئاشکرای کردووە کە پشتگیری لە نەوەی پێنجەمی پەیوەندی 5G دەکات. هەروەها ئەداپتەرەکەشی پێمان دەڵێت کە پشتگیری لە بارگاویکردنەوەی خێرا دەکات بە توانای 65 وات.

ئەو مۆبایلەی کە وێنە زیندووەکانی Mi 10 Pro ـی پێ چرکێندراوە، بە هەمان شێوە Mi 10 Pro ـە. بە هۆی ناوی مۆبایلەکە لەسەر وێنەکان، ئاشکرا بووە کە ڕوونی کامێرای سەرەکی مۆبایلەکە 108 مێگاپێکسڵ دەبێت.

دوێنێ شاومی ئاشکرای کرد کە لە ڕێکەوتی 11 ـی مانگی داهاتوودا مۆبایلەکە نمایش دەکات. زانیارییەکانی دیکە تاوەکو ئێستا لەبەر دەستتدا نین.

سەرچاوە GSMArena
بۆچونی تۆ