شاومی 27, كانونی دووه‌م 2020

ڕێکەوتی تەواوەتی ڕاگەیاندن و ناوی مۆبایلی نوێی POCO ئاشکرا کرا

زیاتر لە ساڵ و نیوێک دەبێت کە مۆبایلی POCO F1 ڕاگەیاندراوە، یەکێک بوو لە سەرکەوتووترین مۆبایلەکانی شاومی و بە نرخێکی کەمەوە ڕکابەری مۆبایلە ئاست بەرزەکانی کۆمپانیاکانی دیکەی دەکرد. لە چەند ڕۆژی ڕابردووشدا، POCO بووە براندێکی سەربەخۆ و لە کۆمپانیای شاومی جیابووەوە. هەرچەندە کۆمپانیاکە پێشتر ڕایگەیاندبوو کە لە مانگی داهاتوودا مۆبایلێکی نوێ ڕادەگەیەنن، ئێستا ڕێکەوتی تەواوەتی ڕاگەیاندن و ناوی مۆبایلە نوێیەکەی ئاشکرا کرد.

جریوەیەکی هەژماری فەرمی POCO India لە تویتەر، ئاشکرای کردووە کە مۆبایلە نوێیەکەی POCO ناوی POCO X2 دەبێت نەوەک POCO F2، هەروەها لە ڕێکەوتی 4 ـی مانگی داهاتوو (شووبات) ـدا لە بۆنەیەکی تایبەت لە شاری نیو دەلهی وڵاتی هیندستان ڕادەگەیەندرێت.

کۆمپانیای POCO هەر بە زوویی ماڵپەڕێکی تایبەت بە مۆبایلە نوێیەکەی درووست کردووە و ژمارەیەک تایبەتمەندی ئاشکرا کردووە. مۆبایلی POCO X2 هەستەوەری کامێرای Sony IMX 686 و سیستەمی ساردکەرەوە دەبێت. هەر وەک لە ماڵپەڕەکەدا ئاشکرای کردووە کە لە بەشی خوارەوە خاوەن دەرچەی بیستۆک و USB-C دەبێت.

هەر لە ماڵپەڕەکەدا، POCO ئاشکرای کردووە کە خێرایی ڕوونمای مۆبایلە نوێیەکەیان 120 هێرتز دەبێت، ئەویش کاتێک کە ماڵپەڕەکە خێرایی ڕوونمای مۆبایلەکەت هەڵدەسەنگێنێت، دەڵێت “شتێکی شازە کە وا هەست دەکەیت ڕوونماکەت تاوەکو ئێستا خێراترینە. ژیان پڕە لە بێ هیوا بوون”.

پڕوپاگەندەکانی پێشووتر دەیانگوت کە مۆبایلە نوێیەکەی POCO خاوەن هەمان دیزاین و تایبەتمەندییەکانی مۆبایلی نوێی Redmi K30 دەبێت، لە وێنەکانی ماڵپەڕەکەی POCO تا ڕادەیەک دڵنیایی کردینەوە کە POCO X2 لە Redmi K30 دەچێت. ئەگەر ئەمە ڕاست بێت، ئەوا POCO X2 خاوەن پڕۆسێسەری Snapdragon 730G و ڕامی 8 گێگابایت و بیرگەی 256 گێگابایت و پاتری 4,500 ملی ئەمپێری دەبێت.

تامەزرۆین بۆ ڕاگەیاندنی مۆبایلی POCO X2، هەر کە نمایش کرا، بە زوویی تایبەتمەندی و وردەکارییەکانی دەخەینە بەر دەستتان.

سەرچاوە XDA-Developers
بۆچونی تۆ