ئامێرە هەمەجۆرەکان 31, كانونی دووه‌م 2020

بیستۆکی نوێی Apple Powerbeats 4 لە دواین وەشانی iOS 13 ـدا بەدیارکەوت

لەگەڵ بەردەستکردنی وەشانی نوێی iOS 13.3.1 لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا لە لایەن ئەپڵەوە، وێنەی نەوەی نوێی بیتسۆکی Apple Powerbeats لە وەشانە نوێیەکەی iOS 13 ـدا بەدیارکەوت.

وێنەکە لە لایەن پێگەی MacRumors ـەوە دۆزراوەتەوە، کە دیزاینی Apple Powerbeats 4 دەردەخات. لە وێنەکاندا دەردەکەوێت کە جووت بیستۆکەکە بە هەمان شێوەی نەوەی پێش خۆی، کە لە 2016 بەردەستکرا، بە وایەرێکەوە پەیوەست دەبن و لە ڕێگەی Bluetooth ـەوە بە مۆبایلەوە پەیوەست دەکرێن.

بە بەراورد بە بیستۆکی Powerbeats 3، وا دیارە گۆڕانکاری لە دیزاینی بیستۆکی Powerbeats 4 ـدا کراوە و لە جیاتی ئەوەی وایەرەکەی لە پێشەوە بڕواتەوە پشت گوێ، ڕاستەوخۆ لە پشت گوێوە دەچێتە پشتەوە.

پێگەی MacRumors ڕایگەیاندووە کە پێشبینی دەکرێت بیتسۆکە نوێیەکە خاوەن چیپی H1 ببێت، بەمەش پشتگیری لە تایبەتمەندییەکانی “Hey Siri” و “Announce Messages with ‌Siri‌” دەکات.

ئەمە یەکەمجار نییە کە وەشانێکی نوێی iOS وێنەکانی بیستۆکە نوێیەکانی ئەپڵمان بۆ ئاشکرا دەکات. لە کۆتاییەکانی مانگی ئاداری پار ساڵدا، وەشانی iOS 12.2 وێنەکانی بیستۆکی بێوایەری نوێی Powerbeats Pro ـی بۆ ئاشکرا کردین و لە سەرەتاکانی مانگی نیسانی هەمان ساڵدا ڕاگەیاندرا. لە سەرەتاکانی تشرینی یەکەمی پار ساڵدا، بیستۆکی بێوایەری AirPods Pro لە وەشانی نوێی iOS 13.2 بەدیار کەوت، لە دوای مانگێک بەردەستکرا.

لەسەر بنەمای ڕێکەوتی بەردەستکردنی بیستۆکەکانی Powerbeats Pro و AirPods Pro لە دوای دەرکەوتنیان لە وەشانە نوێیەکانی iOS ـدا، پێشبینی دەکرێت بیستۆکی Powerbeats 4 لە کۆتاییەکانی مانگی داهاتوودا نمایش/بەردەست بکرێت.

سەرچاوە The Verge
بۆچونی تۆ