ئای ئۆ ئێس 6, شوبات 2020

بەمزووانە تایبەتمەندییەکی نوێی CarPlay ڕێگە دەدات قفڵی ئۆتۆمبێلەکەت لە ڕێگەی ئایفۆنەکەتەوە دابخەیت و بیکەیتەوە

دوێنێ، ئەپڵ یەکەمین وەشانی تاقیکاری iOS 13.4 ـی تایبەت بە گەشەپێدەران بە ژمارەیەکی زۆر گۆڕانکارییەوە بەردەستکرد. هەر لەگەڵ بەردەستکردنی وەشانە تاقیکارییەکەدا، تایبەتمەندییەکی شاردراوەی تێدا بەدی کرا.

لە وەشانی تاقیکاری iOS 13.4 ـدا کۆدێک بە ناوی CarKey دۆزراوەتەوە کە ڕێگەت پێ دەدات لە ڕێگەی ئایفۆن یاخود Apple Watch ـەتەوە قفڵی ئۆتۆمبێلەکەت بکەیتەوە، دایبخەیت و تەنانەت ئۆتۆمبێلەکەش هەڵ بکەیت. بە پێی ژمارەیەک کۆدی دیکەی یاریدەدەر بێت لە وەشانەکەدا، تایبەتمەندی CarKey ڕێگەت پێ دەدات کارتی NFC ـیش بەکاربهێنیت بۆ ئەنجامدانی کردارە ناوبراوەکان و بەکارهێنانی وەکو کلیل لە ڕێگەی نزیککردنەوە لە ئۆتۆمبێلەکەوە.

تایبەتمەندییەکە خودکارانە کار دەکات و پێویستی بە پشتڕاستکردنەوەی پەنجەمۆر و دەموچاو نابێت بۆ کاراکردن، چونکە ئایفۆن یاخود Apple Watch ـەکە وەکو کارت دەخوێنێتەوە. ئەم پڕۆسەیەش لە نێو ئەپی Wallet ـدا ئەنجام دەدرێت.

تایبەتمەندییەکی دیکەی نایابی CarKey، ئەوەیە کە دەتوانیت لەگەڵ ئەندامانی خێزانت هاوبەشی پێ بکەیت تاوەکو ئەوانیش بتوانن لە ڕێگەی ئایفۆن یاخود Apple Watch ـەکەیانەوە قفڵی ئۆتۆمبێلەکەت بکەنەوە.

وا دیارە پێشووتر ئەپڵ کاری لەگەڵ ژمارەیەک کۆمپانیای بەرهەمهێنەری ئۆتۆمبێل کردووە بۆ گونجاندنی تایبەتمەندی CarKey، بەڵام وا پێناچێت لە وەشانی جێگیری iOS 13.4 ـدا بۆ هەمووان بەردەست ببێت.

بۆ بەدەستهێنانی ئەم تایبەتمەندییە لە داهاتوودا، پێویست دەکات ئۆتۆمبێلەکەت پشتگیری لە سەکۆی CarPlay ـی ئەپڵ بکات. دەتوانیت لێرەوە بگەڕێیت بۆ ئەو ئۆتۆمبێلانەی کە پشتگیری لە سەکۆیەکە دەکەن.

سەرچاوە 9To5Mac
بۆچونی تۆ