سامسۆنگ 12, شوبات 2020

مۆبایلەکانی Samsung Galaxy S20 خاوەن تایبەتمەندی Quick Share دەبن

دوێنێ شەو، کۆمپانیای سامسۆنگ مۆبایلەکانی Samsung Galaxy S20 و +S20 و S20 Ultra ـی ڕاگەیاندن. یەکێک لە تایبەتمەندییەکانی مۆبایلە نوێیەکان کە کۆمپانیاکە ئاماژەی پێکرد، تایبەتمەندی Quick Share بوو. ئامێرەکانی ئەپڵ بۆ ماوەیەکی زۆر درێژە خاوەن تایبەتمەندی AirDrop ـن، سامسۆنگ لە کۆتایدا بڕیاریدا تایبەتمەندییەکی هاوشێوەی لە ئامێرەکانیدا هەبێت.

هەر سێ مۆبایلە نوێیەکانی Samsung Galaxy S20 و +S20 و S20 Ultra خاوەن تایبەتمەندییەک دەبن بە ناوی Quick Share ـەوە، تایبەتمەندییەکە ڕێگەت پێ دەدات هەموو چەشنە زانیارییەکان (وەک وێنە، ڤیدیۆ، تێبینییەکان، هتد…) هاوبەشی پێ بکەیت بۆ نزیکترین ئامێرەکانی سامسۆنگ لە چواردەورتدا.

تایبەتمەندییەکە ڕێگەت پێ دەدات لە یەک کاتدا زانیارییەکان بۆ 5 ئامێری چواردەورت بنێریت، لە کاتێکدا AirDrop ـی ئەپڵ توانای هەیە زانیارییەکان تەنها بۆ 1 ئامێر بنێرێت لە یەک کاتدا.

لە ڕابردوودا، پێگەی XDA Developers ئەپەکەی دەست کەوتبوو و وێنە و زانیارییەکانی دەربارەی بڵاو کردبووەوە. هەر وەک پێگەکە گوتبووی، تایبەتمەندییەکە خاوەن بژاردەیە کە دەتوانیت ڕێگری لە هەندێک ئامێر بکەیت بۆ بەدەست گەیشتنی زانیارییەکان.

تاکە ئامێر کە لەگەڵ تایبەتمەندییە نوێیەکەدا دەگونجێت، مۆبایلەکانی Samsung Galaxy S20 ـن. بەڵام سامسۆنگ دەڵێت لە ئایندەیەکی نزیکدا بۆ ئامێرەکانی دیکەشیانی دەگونجێنن.

نرخی مۆبایلە نوێیەکانی Samsung Galaxy S20 لە 999$ ـەوە دەست پێدەکەن و لە ئێستاوە بەردەستن بۆ کڕین بە شێوەی داواکاری پێشوەختە، هەروەها لە ڕێکەوتی 13 ـی مانگی داهاتوودا بە فەرمی بەردەست دەکرێن بۆ کڕین.

سەرچاوە The Verge
بۆچونی تۆ