10
مۆبایل و تابلێت 13, شوبات 2020

بەم نزیکانە کۆمپانیای Essential، کۆمپانیای دامەزرێنەرەکەی ئەندرۆید دادەخرێت

لە دوای 3 ساڵ لە ڕاگەیاندنی یەکەمین و دواین مۆبایلی خۆی، بەم نزیکانە کۆمپانیای Essential بە یەکجاری دادەخرێت.

کۆمپانیای Essential لە ساڵی 2015 ـەدا لە لایەن Andy Rubin ـەوە دامەزرا. Andy Rubin یەکێک بوو لە دامەزرێنەرانی سیستەمی کارپێکەری ئەندرۆید. لە کاتی دامەزراندنیەوە، کۆمپانیای Essential تەنها 1 مۆبایلی بە ناوی Essential Phone ـەوە ڕاگەیاندبوو. مۆبایلەکەی Essential خاوەن ڕوونمایەکی نزیکەی پڕاوپڕ و نۆچ بوو، کە لەو کاتەدا هیچ مۆبایلێک نەبیندرابوو بە هەبوونی نۆچەوە، بەڵام دواتر ئەپڵ iPhone X ـی بە هەبوونی نۆچ لەسەر ڕوونماکەیدا ڕاگەیاند و ئیدی شەپۆلی بەکارهێنانی نۆچ لە لایەن کۆمپانیاکانەوە دەستیپێکرد.

کۆمپانیاکە بە فەرمی ڕایگەیاند تاوەکو ڕێکەوتی 30 ـی مانگی نیسان (4) بەردەوام دەبن لە کارکردن و ئیدی لە دوای ئەو ڕێکەوتەوە بە یەکجاری دادەخرێت.

کۆمپانیاکە کاری لەسەر بەرهەمهێنانی ئامێری زیرەکی ناوماڵ و تەنانەت سیستەمی کارپێکەریش دەکرد، هەروەها لە ساڵی ڕابردوودا ڕایگەیاند کە کار لەسەر درووستکردنی مۆبایلێکی جیاواز دەکەن بە ناوی Project Gem. بەڵام وا دیارە چیدیکە ئەو بەرهەمە نوێیانە لە لایەن Essential ـەوە نابینین.

کۆمپانیای Essential Phone بەوە دەناسرا کە خاوەن جۆرایەتی و تایبەتمەندی بەرز بوو و بە بەردەوامی نوێترین وەشانەکانی سیستەمی ئەندرۆیدی بۆ ڕەوانە دەکرا. نرخی مۆبایلەکە لە 499$ ـەوە دەستی پێدەکرد. لە دوای داخرانی کۆمپانیاکە، چیدیکە وەشانە نوێیەکانی Android ڕەوانەی مۆبایلی Essential Phone ناکرێن.

سەرچاوە The Verge
بۆچونی تۆ