سامسۆنگ 20, شوبات 2020

سامسۆنگ ئاگادارکەرەوەیەکی بێزارکەری “1” ـی ڕەوانەی زۆرینەی بەکارهێنەرانی مۆبایلەکانی کرد

بە شێوەیەکی هەڵە، کۆمپانیای سامسۆنگ ئاگادارکەرەوەیەکی بێزارکەری لە ڕێگەی ئەپی Find My Mobile ـەوە ڕەوانەی زۆرینەی بەکارهێنەرانی مۆبایلەکانی خۆی لە سەرانسەری جیهاندا کرد.

ئاگادارکەرەوەکە لە ڕێگەی ئەپی سەرەکی Find My Mobile ـی مۆبایلەکانی سامسۆنگ بوو و لە سەرەوە و خوارەوە تەنها ژمارە “1” ـی تێدا نووسرابوو. بەداخەوە، ئێمە مۆبایلەکانی سامسۆنگ بەکارناهێنین تاوەکو حاڵەتەکە پشتڕاست بکەینەوە، بەڵام پێگەی The Verge حاڵەتەکەی پشتڕاست کردەوە و ڕایگەیاند کە هەمان ئاگادارکەرەوەیان پێگەیشتووە.

لە پاش چەند کاتژمێرێک لە دوای ڕوودانی ئەو هەڵەیە، سامسۆنگ پشتڕاستی کردەوە کە ئەوە هەڵەیەک بووە و لە کاتی تاقیکردنەوەیەکدا ڕوویداوە، بەمەش ئاگادارکەرەوەی “1” ڕەوانەی ژمارەیەکی سنوورداری بەکارهێنەرانی مۆبایلەکانی سامسۆنگ لە سەرانسەری جیهان کراوە. هەر وەک سامسۆنگ ڕایگەیاندووە، ئەوە هیچ کاردانەوەیەک لەسەر مۆبایلەکان درووست ناکات، هەر بۆیە وا هەست مەکە کە مۆبایلەکەت هاک کراوە بە هۆی ئەو ئاگادارکەرەوە بێزارکەرەوە.

لە ڕێگەی ئەپی Find My Mobile ـی نێو مۆبایلەکانی سامسۆنگەوە، دەتوانرێت شوێنی ئامێرەکان بزاندرێت، ئامێرەکان قفڵ بکرێن، باکئەپی زانیارییەکان بۆ خزمەتگوزاری Samsung Cloud و سڕینەوەی زانیارییەکانی نێو مۆبایلەکان ئەنجام بدرێن. بێ هۆ نییە کە بەکارهێنەرانی سامسۆنگ ترسێکی زۆریان لێ نیشت لە کاتی بەدەست گەیشتنی ئەو ئاگادارکەرەوە سەمەرەیەدا.

سامسۆنگ یەکەم کۆمپانیا نییە کە ئاگادارکەرەوەیەکی وا نامۆ و بێزارکەر بە هەڵە ڕەوانەی بەکارهێنەرانی مۆبایلەکانی بکات، لە ساڵی ڕابردوودا OnePlus ئاگادارکەرەوەی بە هەبوونی پیتی چینییەوە بە هەڵە ڕەوانەی بەکارهێنەرانی مۆبایلەکانی خۆی کرد.

لە لێدوان ئاگادارمان بکەوە ئەگەر تۆش هەمان ئاگادارکەرەوەت پێگەیشت.

سەرچاوە The Verge
بۆچونی تۆ