ئەپڵ 13, ئازار 2020

تەختەکلیلی جۆرە نوێیەکانی لاپتۆپەکانی MacBook لە جۆری مەقەستی دەبن

لە دوای ساڵانێکی زۆر، بۆ یەکەمجار لە ساڵی ڕابردوودا ئەپڵ تەختەکلیلی سەرکەوتوویی جۆری مەقەستی (Scissor) بۆ لاپتۆپی نوێی MacBook Pro ـی 16 ئینج بەکارهێنایەوە و پشتی لە بەکارهێنانی تەختەکلیلی شکستخواردووی جۆری پەپولەیی (Butterfly) کرد.

پێشبینیکەری بەناوبانگ Ming-Chi Kuo ڕایگەیاندووە کە پێشبینی دەکات بۆ جارێکی دیکە ئەپڵ تەختەکلیلی جۆری مەقەستی ڕابگەیەنێتەوە و بۆ جۆرە نوێیەکانی لاپتۆپەکانی MacBook Pro و MacBook Air ـی بەکاربهێنێتەوە و بە تەواوەتی پشت لە بەکارهێنانی تەختەکلیلی جۆری پەپولەیی بکات.

بەڕێز Kuo دەڵێت ئەپڵ جۆرە نوێیەکانی لاپتۆپەکانی MacBook Pro و MacBook Air بەو جۆرە تەختەکلیلەوە لە چارەکی دووەمی ئەمساڵدا بەردەست دەکات و لەمەودوا درێژە دەدات بە بەکارهێنانی لە داهاتوودا.

لە ساڵی 2016 ـەوە، بۆ یەکەمجار ئەپڵ جۆرێکی نوێی تەختەکلیلی بە ناوی پەپولەیی (Butterfly) ـەوە بۆ لاپتۆپەکانی MacBook Pro تاوەکو پار ساڵ بەکارهێنا، بەڵام ئەو جۆرە تەختەکلیلە کێشەکانی زۆر بوون و بەکارهێنەرانی گیرۆدە کردبوو بەدەست لێبوونەوە و تێکچوونی دوگمەکانەوە.

هەروەها Kuo دەڵێت ئەپڵ جۆرێکی نوێی MacBook Pro بە قەبارەی نوێی 14 ئینجەوە لە ئەمساڵدا بەردەست دەکات، وە لە ئەمساڵدا ئەپڵ پشت لە بەکارهێنانی پڕۆسێسەرەکانی Intel دەکات و چیدیکە پڕۆسێسەرەکانی ARM ـی خۆی بۆ لاپتۆپەکانی MacBook بەکاردەهێنێت.

سەرچاوە The Verge
بۆچونی تۆ