ئەپڵ 13, ئازار 2020

فەرمی: کۆنگرەی WWDC 2020 ـی ئەمساڵ بە شێوەی سەرهێڵی بەڕێوە دەچێت

کەمێک بەر لە ئێستا کۆمپانیای ئەپڵ ڕایگەیاند کۆنگرەی جیهانی گەشەپێدانی WWDC 2020 ـی ئەمساڵ بە شێوەی سەرهێڵی بەڕێوە دەچێت.

ئەپڵ دەڵێت کۆنگرەکە لە ئەمساڵدا بە دیاری نەکراوی لە مانگی حوزەیراندا بەڕێوە دەچێت و بە تەواوی سەرهێڵی دەبێت و بە هۆی ڤایرۆسی کۆرۆناوە بە شێوەی فیزیایی بەڕێوە ناچێت. ئەمساڵ دەبێتە 31 ـەمین جاری ئەنجامدانی کۆنگرەکە و بۆ یەکەمجارە کە بە شێوەی سەرهێڵی بەڕێوە بچێت.

لە کۆنگرە سەرهێڵییەکەی WWDC 2020 ـی حوزەیرانی ئەمساڵدا، ئەپڵ وەشانە نوێیەکانی هەریەکە لە سیستەمەکانی iOS و iPadOS و macOS و watchOS و tvOS ڕادەگەیەنێت و بە شێوەی تاقیکاری بۆ گەشەپێدەرانی بەردەست دەکات، لەگەڵ ڕاگەیاندنی ژمارەیەک بەرهەمی چاوەڕوان نەکراوی دیکەدا.

ئەپڵ دەڵێت هۆکاری بەڕێوەچوونی کۆنگرەکە بە شێوەی سەرهێڵی لە ئەمساڵدا، بۆ ئەو بارودۆخە خراپە تەندرووستییە دەگەڕێتەوە کە جیهان پێوەی گیرۆدە بووە.

لە چەند هەفتەی داهاتوودا ئەپڵ ڕێکەوت و کاتی ئەنجامدانی کۆنگرەکە بە شێوەی سەرهێڵی و زانیاری زیاتر دەربارەی بڵاو دەکاتەوە.

هەروەها بەڕێز Craig Federighi، بەڕێوەبەری ئەندازیارانی نەرمەکاڵا لە ئەپڵ ڕایگەیاند کە سەرەڕای کارکردن لەسەر ئامێر و تەکنیکە نوێیەکانیان، کۆنگرەی WWDC 2020 بۆ ئەمساڵ مەزن دەبێت.

ئەم هەواڵە بۆ بەشێکی زۆر لە گەشەپێدەرانی سەکۆیەکانی ئەپڵ ئێجگار هەواڵێکی ناخۆشە، چونکە ناتوانن بەژداری لە یەکێک لە گەورەترین کۆنگرە تەکنەلۆژی و تایبەت بە گەشەپێدەرانی ساڵدا بکەن. بەڵام تەندرووستی لە پێش هەموو شتێکەوەیە.

ئەنجامدانی ئەم کۆنگرەیەی ئەپڵ بە شێوەی سەرهێڵی لە پاش هەڵوەشاندنەوەی هەریەکە لە کۆنگرە گرنگەکانی Google I/O 2020 و Facebook F8 و MWC 2020 و SXSW 2020 دێت بۆ ئەمساڵ بە هۆی ڤایرۆسی کۆرۆناوە.

سەرچاوە 9To5Mac
بۆچونی تۆ