مایکرۆسۆفت 4, نیسان 2020

دەتوانرێت بە بێ درووستکردنی هەژمار و بەکارهێنانی ئەپ پەیوەندی ڤیدیۆیی لە Skype ئەنجام بدرێت

مایکرۆسۆفت دەیەوێت هەر چۆنێک بێت لاوازی ئاسایشی ئەپی Zoom ـی تایبەت بە ئەنجامدانی پەیوەندی ڤیدیۆیی بکات بە دەرفەت بۆ پێشخستنی خۆی لە مەیدانەکەدا. بۆ ئەم مەبەستە، کۆمپانیاکە تایبەتمەندییەکی Skype ـی بە بیری بەکارهێنەران هێنایەوە.

لە جریوەیەکدا لە هەژماری خۆی لە تویتەر، Skype تایبەتمەندی Meet Now ـی بە بیری بەکارهێنەران هێنایەوە، کە ڕێگە بە بەکارهێنەران دەدات تاوەکو پەیوەندی ڤیدیۆیی ئەنجام بدەن و خەڵکی بانگهێشت بکەن بە بێ بەکارهێنان یاخود درووستکردنی هەژمار و داگرتنی ئەپەکە و بە خۆڕایی. پڕۆسەکە بە تەواوی لە وێب دەکرێت. تایبەتمەندییەکە نوێ نییە و بۆ ماوەیەکە لە تۆڕەکەدا بوونی هەیە.

Skype هیوای وایە بەم تایبەتمەندییە، گورزێکی گوشندە لە ئەپی Zoom بدات، لەبەر ئەوەی لە سەرەتای قەدەغەکردنی هاتوچۆ لە وڵاتان بە هۆی ڤایرۆسی کۆرۆناوە، ئەپی Zoom ناوبانگ و بەکارهێنەرێکی ئێجگار زۆری پەیدا کرد. لە کاتێکدا کە ئەپی Zoom پێویستی بە هەژمار درووستکردنە بۆ ئەنجامدانی پەیوەندی ڤیدیۆیی.

دەتوانیت لێرەوە تایبەتمەندییەکەی Skype بەکاربهێنیت.

سەرچاوە The Verge
بۆچونی تۆ