ئەپڵ 16, ئازار 2020

دەنگۆ: چیپی A14 ـی ئەپڵ دەبێتە یەکەمین چیپی مۆبایل بە خێرایی زیاتر لە 3 گێگاهێرتز

ڕاپۆرتێکی نوێی پێگەی Research Snipers ئاشکرای دەکات کە چیپی نوێی ئایفۆنەکانی ئەمساڵی ئەپڵ دەبێتە یەکەمین چیپی تایبەت بە مۆبایلەکان بە خێرایی 3 گێگاهێرتزەوە.

ڕاپۆرتەکە دەڵێت توانیویانە هەڵسەنگاندنی چیپی نوێی A14 ـی ئەپڵ تایبەت بە ئایفۆن و ئایپاد و ئایپادەکان لە Geekbench پەیدا بکەن، بەمەش بۆیان ئاشکرا بووە کە خێرایی چیپەکە 3.1 گێگاهێرتز دەبێت و دەبێتە یەکەمین چیپی تایبەت بە مۆبایلەکان لە جیهاندا بەو خێراییە زۆرەوە.

خێرایی چیپی A13 ـی پار ساڵ نزیکەی 2.7 گێگاهێرتز بوو، جیاوازی خێرایی لەگەڵ A14 زیاتر لە 400 گێگاهێرتز دەبێت ئەگەر ئەمە وەکو خۆی ڕووبدات.

پێگەکە دەڵێت لە هەڵسەنگاندنەکە بۆیان ئاشکرا بووە کە تاکە ناوکی چیپی A14 توانیویەتی 1658 خاڵ لە Geekbench 5 بەدەست بهێنێت (25% زیاتر لە A13) و 4612 خاڵ بۆ فرە ناوک بەدەست بهێنێت (33% زیاتر لە A13).

دەنگۆ هەیە کە گوایە کۆمپانیای TSMC ـی بەرهەمهێنەری چیپەکانی ئەپڵ لە سەرەتاکانی مانگی داهاتوودا دەست دەکات بە بەرهەمهێنانی چیپی A14 بە قەبارەی 5 نانۆمەتر بۆ ئایفۆنە نوێیەکانی ئەمساڵ (iPhone 12).

پەیوەندیدار بەمەوە، دەنگۆ هەیە کە دەڵێت ئەپڵ کار لەسەر درووستکردنی چیپی تایبەت بە خۆی بۆ کۆمپیوتەرەکانی Mac و Mac Pro دەکات.

سەرچاوە MacRumors
بۆچونی تۆ