سۆنی 7, نیسان 2020

سۆنی کۆنتڕۆڵی نوێی DualSense ـی بۆ PlayStation 5 ئاشکرا کرد

تاوەکو ئێستا کۆمپانیای سۆنی شێوەی سەکۆی نوێی PlayStation 5 ـی ئاشکرا نەکردووە و نازانین شێوەی چۆنە، بەڵام کەمێک لەمەوبەر، کۆمپانیا ژاپۆنییەکە کۆنتڕۆڵی سەکۆیە نوێیەکەی ئاشکرا کرد.

کۆنتڕۆڵە نوێیەکەی سەکۆی نوێی PlayStation 5 ناوی DualSense ـە و دیزاینی تەواو جیاوازە لە کۆنتڕۆڵی DualShock 4 ـی سەکۆی PlayStation 4، کە ئەمە بە گەورەترین گۆڕانکاری لە دیزاینی کۆنتڕۆڵی سەکۆیەکە هەژمار دەکرێت لە 25 ساڵی ڕابردوودا.

لە پاڵ دیزاینە جیاوازەکەیەوە، خاوەن تایبەتمەندی نوێشە؛ خاوەن تایبەتمەندی کورتە هەززەی Haptic Feedback ـە، کە دەبێتە جێگرەوەی تەکنەلۆژیای کۆنی ڕومبەڵەی تایبەت بە درووستکردنی هەززە. وە خاوەن دوگمە پەلەپیتکە نوێیەکانی “Adaptive Triggers” ـە کە بەرگری دوگمە ناوبراوەکان بۆ یارییە جیاوازەکان دەگونجێنێت.

وە بۆ یەکەمجار، وەرگر (مایکرۆفۆن) ـێکی یەکخراو بوونی هەیە لە پاڵ دەرچەی USB-C ـەوە. دوگمەی “Share” ناوی گۆڕدراوە بۆ دوگمەی “Create” و لەمەودوا ڕێگە بە بەکارهێنەران دەدات بە شێوەی جیاوازتر شتەکانیان هاوبەشی پێ بکەن لەگەڵ جیهاندا.

ڕەنگی سەرەکی کۆنتڕۆڵەکە دوو ڕەنگە و پێکهاتووە لە سپی و ڕەش، کە ڕەنگی سپی پشکی شێری بەرکەوتووە لە بەکارهێنان تێیدا. دوگمەکانی کۆنتڕۆڵە نوێیەکە بە ڕەنگی سپی نەخشێندراون و چیتر ڕەنگاوڕەنگ نین، وە فراوانی گۆشەکانی دوگمەکانی پەلەپیتکەی سەرەوەی زیاتر کراون.

ئەو تایبەتمەندییانەی کە لە کۆنتڕۆڵی DualSense ماونەتەوە، بریتین لە شریتی گڵۆپ و تەچ پاد، هەرچەندە شوێنی گڵۆپەکە گۆڕدراوە و لە سەرەوە/پشتەوە هێندراوەتەوە بەشی ڕاست و چەپی تەچ پادەکەی لە پێشەوە.

زانیارییەکانی وەک نرخی کۆنتڕۆڵەکە بە جیا و ڕەنگەکانی دیکەی، ئاشکرا نەکراون و لەگەڵ بەردەستکردنی سەکۆیەکە ئەوانیش ئاشکرا دەکرێن. بەڵام نرخی کۆنتڕۆڵی DualShock 4 ـی سەکۆی PlayStation 4 بڕی 59.99$ بوو، هەر بۆیە پێناچێت نرخی کۆنتڕۆڵی DualSense ـیش لەو نرخە زیاتر بێت.

سەرچاوە The Verge
بۆچونی تۆ