ئەپڵ 16, نیسان 2020

ئەپڵ داهاتی بەرهەمەکانی Product Red لە بەرەنگاربوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنادا تەرخان دەکات

کۆمپانیای ئەپڵ ڕایگەیاند کە داهاتی سەرجەم بەرهەمە ڕەنگ سوورەکانیان لە ژێر براندی Product Red لە بەرەنگاربوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنادا تەرخان دەکەن. هەر دوێنێ iPhone SE بە براندی Product Red ـەوە ڕاگەیاندرا.

لەوەتەی ئەپڵ براندی دامەزراوەی Product Red ـی لەو ئامێرانەیدا بەکارهێنابوو کە ڕەنگیان سوورن، تەواوی داهاتی ئەو بەرهەمانە ڕاستەوخۆ بۆ بەرەنگاربوونەوەی ڤایرۆسی ئایدز (HIV/AIDS) تەرخان دەکران. بەڵام ئەپڵ ڕایگەیاند لە ئەمڕۆوە تاوەکو 30 ـی ئەیلوولی ئەمساڵ، تەواوی داهاتی بەرهەمە ڕەنگ سوورەکانی Product Red ـی خۆی ڕاستەوخۆ دەڕوات بۆ پڕۆسەی بەرەنگاربوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا.

یەکێک لە ڕەنگەکانی iPhone SE ـی نوێ، کە دوێنێ ڕاگەیاندرا، سوورە و لە ژێر براندی Product Red ـدایە، وا بڕیارە لە ڕێکەوتی 24 ـی ئەم مانگەدا بە نرخی دەستپێکی 399$ بەردەست بکرێت بۆ کڕین. بەمەش داهاتی ڕەنگی سووری ئایفۆنە نوێیەکە ڕاستەوخۆ دەڕوات بۆ پڕۆسەی بەرەنگاربوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا.

جێگەی باسە ئەپڵ تەنها ڕەنگی سوور و براندی Product Red لە ئایفۆنیدا بەکارناهێنێت، بەڵکو ڕەنگ و براندەکە لە جوانکارییەکان و دەستبەندەکانی Apple Watch و زیاتردا بەکاردەهێنێت.

دامەزراوەی Product Red بۆ بەرەنگاربوونەوەی ڤایرۆسی ئایدز، ڕێکەوتنی لەگەڵ کۆمپانیاکانی Apple و Nike و Starbucks ـدا هەیە و داهاتی بەشێک لە بەرهەمی ئەو کۆمپانیایانە بۆ تێچووەکانی پڕۆسەی بەرەنگاربوونەوەی ڤایرۆسەکە لە وڵاتە ئەفریقییەکان تەرخان دەکرێت. ئەپڵ گەورەترین بەخشەرە بۆ دامەزراوەکە و لە ساڵی 2018 ڕایگەیاند کە توانیویەتی 200 ملیۆن دۆلار بۆ دامەزراوەکە تەرخان بکات.

سەرچاوە The Verge
بۆچونی تۆ