ئەپڵ 18, نیسان 2020

ئەپڵ پەرە بە تایبەتمەندییەکی نوێ دەدات بۆ درێژکردنەوەی تەمەنی پاتری ماکبووکەکان

کۆمپانیای ئەپڵ سەرقاڵی پەرەپێدانی تایبەتمەندییەکی نوێیە بۆ درێژکردنەوەی تەمەنی پاتری ماکبووکەکان.

دوێنێ، کۆمپانیای ئەپڵ دووەمین وەشانی تاقیکاری macOS Catalina 10.15.5 ـی بەردەستکرد و تێیدا تێبینی زیادکردنی تایبەتمەندییەکی نوێ کرا بە ناوی “Battery health management”، ئەم تایبەتمەندییە هاوکار دەبێت بۆ درێژکردنەوەی تەمەنی پاتری کۆمپیوتەرەکانی ماکبووک بە کەمکردنەوەی تێکڕای بەسەرچوونی ماددەکانی پاتری.

بۆ بە ئەنجام گەیاندنی ئەم کردارە، تایبەتمەندییەکە ڕێگری لە بارگاویبوونەوەی پاتری دەکات بە تەواوەتی. بەڵام ئەمە مانای ئەوە نییە کە لەسەر ڕێژەی سەدی پاتری شریتی لیستی سەرەوە نەنووسرێت 100% لە کاتی بارگاوی بوون، بەڵکو مانای ئەوەیە پاترییەکە بە ڕێژەی 100% بارگاوی دەبێتەوە تا ئەو کاتەی پاترییەکە توانای بەکارهێنان و وەرگرتنی هەبێت، واتا بارگاویبوون دەگەیەنێتە ئەوپەڕی تەمەنی پاترییەکەی.

ئەپڵ دەڵێت دڵنیان لەوەی کە ئەم تایبەتمەندییە هیچ زیانێکی لاوەکی بۆ پاتری کۆمپیوتەرەکانی نابێت. تایبەتمەندییەکە تەنها لەو کۆمپیوتەرانەی MacBook کار دەکات کە خاوەن دەرچەی Thunderbolt 3 ـن، واتا MacBook Pro ـی 2016 و نوێتر و MacBook Air ـی 2018 و نوێتر.

هاوکات ئەوەی ماوەتەوە ئاماژەی پێ بدەین، ئەوەیە کە تایبەتمەندییەکە بە شێوەیەکی بنەڕەتی کارا دەبێت، بەڵام بەکارهێنەران دەتوانن لە بەشی ڕێکخستنەکانی وزەی macOS ناکارای بکەن. ئەم تایبەتمەندییە لە وەشانی گشتی macOS Catalina 10.15.5 لە چەند هەفتەی داهاتوودا بەردەست دەکرێت بۆ بەکارهێنەرانی کۆمپیوتەرە ناوبراوەکان.

سەرچاوە The Verge
بۆچونی تۆ