بابەتی گرینگ
1, شوبات 2023
زنجیرە مۆبایلی ئاستبەرزی Galaxy S23 نمایشکرا. هەموو شتێک لێرەوە بخوێنەوە.

ئەمڕۆ سامسۆنگ لە کۆنگرەی Unpacked 2023 پەردەی لەسەر نوێترین بەرهەمەکانی خۆی لادا. لەناویاندا بریتی بوو لە زنجیرە مۆبایلی Galaxy S23، کە پێکدێن لە Galaxy S23 و 23 Plus و S23 Ultra.

ئەم زنجیرەیە خاوەن کامێرایەکی نایابن بە جۆرێک تەواوی کۆنگرەکەش بە گالەکسی ئێس ٢٣ ئەڵترا تۆماردەکرا. لە ڕووی دۆخی شەو و نەرمەواڵە و هەروەها خۆگونجاندنی پیکسڵەکان بۆ کاتە جیاوازەکان لە گالەکسی ئێس ٢٣ ئەڵترا زۆر نایابتر کراوە. هەروەک ئەم زنجیرەیە خاوەن چوستییەکی نایابن بە جۆرێک چاوەڕوانییەکان تێدەپەڕێنێت.

زنجیرە مۆبایلی گالەکسی S23 خاوەن سیستەمێکی کامێرای نایابە، بەم شێوەیەی خوارەوە:
مۆبایلی Galaxy S23 Ultra:
- کامێرای پێشەوە: ١٢ مێگاپیکسڵ
- کامێرای پشتەوە: ١٢ مێگاپیکسڵ زۆر گۆشە فراوان + ٢٠٠ مێگاپیکسڵ هاوێنەی سەرەکی + ١٠ مێگاپیکسڵ هەستەوەری تێلەفۆتۆ.
کامێراکانی توانای ١٠٠ جار نزیککردنەوەیان هەیە. هەروەها توانای تۆماری ڤیدیۆیی 4k تا ٦٠ فرەیم لە چرکەیەکدا هەیە و هەروەها 8k تاوەکو ٣٠ فرەیم لە چرکەیەکدا. ئەمە و بوونی تایبەتمەندی VDIS و OIS بۆ جێگیرکردنی لەرزین. هەروەها کامێراکانی بە ژیری دەستکرد بەهێزکراون بۆ باشترکردنی وێنەکانت لە دۆخە جیاوازەکاندا.
مۆبایلی Galaxy S23 و S23 Plus
- کامێرای پێشەوە: ١٢ مێگاپیکسڵ
- کامێرای پشتەوە: ١٢ مێگاپیکسڵ زۆر گۆشە فراوان + 50 مێگاپیکسڵ هاوێنەی سەرەکی + ١٠ مێگاپیکسڵ هەستەوەری تێلەفۆتۆ.
کامێراکانی توانای ٣٠ جار نزیککردنەوەیان هەیە. هەروەها توانای تۆماری ڤیدیۆیی 4k تا ٦٠ فرەیم لە چرکەیەکدا هەیە و هەروەها 8k تاوەکو ٣٠ فرەیم لە چرکەیەکدا. ئەمە و بوونی تایبەتمەندی VDIS و OIS بۆ جێگیرکردنی لەرزین. هەروەها کامێراکانی بە ژیری دەستکرد بەهێزکراون بۆ باشترکردنی وێنەکانت لە دۆخە جیاوازەکاندا.
زنجیرەی گالەکسی S23 بە چیپی Snapdragon 8 Gen 2 For Galaxy بەهێزکراون کە بەتەواوی گونجێندراوە و لە ئاستێکی باڵا کارەکانی خۆی دەکات و وردەکارییەکانی پێکهاتەکەی بەم شێوەیەیە. ناوکێکی Cortex-X3 کە تاوەکو ٣.٣٦ گێگاهێرتز خێرایەکەیەتی. هەروەها گرافیکەکەی بریتییە لە Adreno 740 و تاوەکو ٧١٩ مێگاهێرتز خێرایەکەیەتی و ئەمەش لە جۆرە ئاساییەکەی سناپدراگۆن ٨ جێن ٢ جیاوازە کە لەسەر مۆبایلەکانی ترە چونکە ئەمە تایبەتە بە گالەکسی.

ڕوونمای Galaxy S23 Ultra بریتییە لە ٦.٨ ئینج و لە جۆری ئۆلێدە بە تێکڕای نوێبوونەوەی ١٢٠ هێرتز و ڕوونی 1440p. لە ڕووی پێشەوە و پشتەوەی Gorilla Glass Victus 2 بەکارهاتووە کە بەهێزترینە لە ئێستادا.

بەڵام گالەکسی ئێس ٢٣ و ٢٣ پڵەس، برا گەورە ڕوونمای ٦.٦ ئینجە و برا بچووک ڕوونماکەی ٦.١ ئینجە. ڕوونماکانیان ئەمۆلێدە و لە ناوەڕاستەوە کامێرای سێڵفی لەبەشی سەرەوە جێگیرکراوە. هەروەها پەنجەمۆری ژێر ڕوونمایان هەیە. هەروەها ڕوونمای هەردووکیان ١٢٠ هێرتز تێکڕای نوێبوونەوەیانە.
پاتری Galaxy S23 Ultra ٥٠٠٠ ملی ئەمپێرە و خێرا بارگاویکردنەوەی تاوەکو ٤٥ واتە و لە ٣٠ خولەکدا دەگاتە ٦٥%. ئەمە لە کاتێکدا، پاتری Galaxy S23 Plus بریتییە لە ٤٧٠٠ ملی ئەمپێر و هی Galaxy S23 بریتییە لە ٣٩٠٠ ملی ئەمپێر. برا بچووک تاوەکو ٢٥ وات خێرا بارگاوی دەبێتەوە و جۆری پڵەس تاوەکو ٤٥ وات پاڵپشتی خێرا بارگاوی کردنەوە دەکات.


لە ڕووی بیرگەوە Galaxy S23 Ultra بژاردەی ٢٥٦ گێگابایت و ٥١٢ گێگابایت و ١ تێرابایتی دەبێت. سەبارەت بە ڕام، بژاردەی ٨ و ١٢ گێگابایتی دەبێت.
ئەمە لەکاتێکدا بیرگەی Galaxy S23 و Galaxy S23 Plus لە ١٢٨ گێگابایت دەست پێدەکات و پاشان ٢٥٦ و ٥١٢ گێگابایتی هەیە و ڕامەکەیان تەنها بە بژاردەی ٨ گێگابایت دەبێت.
سەبارەت بە نرخ، بەم شێوەیە دەبێت:
Galaxy S23 Ultra – نرخی دەستپێکی ١١٩٩ دۆلار دەبێت.
Galaxy S23 Plus – نرخی دەستپێکی ٩٩٩ دۆلار دەبێت.
Galaxy S23 – نرخی دەستپێکی ٧٩٩ دۆلار دەبێت.

سەردار عبدالله
مامۆستای زانکۆ و هەڵگری ماستەر لە فێرکردنی زمانی ئینگلیزی و تەکنەلۆژیا. ساڵانێکە هەواڵ و زانیاری بە زمانی کوردی دەنوسم و ئێستاش لێرە هەم نوسەر و هەمیش بەڕێوەبەری گشتیم بۆ ماوەی زیاتر لە ١٤ ساڵە. هەروەک گرافیک دیزاینەریش خەونی منە! کرتە لە وێنۆچکەی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانم بکەن بۆ ئەوەی زیاتر بمناسن!