سیستەمی وەگەرخەر
21, ئەیلوول 2023
نوێکردنەوەیەکی گەورە بۆ ویندۆز 11 بەردەست دەبێت

مایکرۆسۆفت ئەمڕۆ بۆنەیەکی تایبەتی بەست و نوێترین بەرهەمەکانی نمایش کرد، لەگەڵ ئەوەشدا یەکێک لە گەورەترین نوێکردنەوەکانی بۆ ویندۆز 11 ڕاگەیاند کە لە ڕۆژی 26ی ئەم مانگە بەردەست دەبێت.
لەم نوێکردنەوەدا سەرنجی تایبەت خراوەتە سەر ژیری دەستکرد و مایکرۆسۆفت تایبەتمەندی Windows Copilotی بۆ ئەم مەبەستە ڕاگەیاند، لەگەڵ دیزاین کردنەوەی File Explorer، تایبەتمەندی نوێی Ink Anywhere بۆ بەکارهێنەرانی پێنووسی زیرەک، تایبەتمەندی نوێ بۆ ئەپی Paint، پشتگیری ڕەسەنی فایلی RAR و 7zip و volume mixerی نوێ و زیاتریش…
تایبەتمەندی نوێی Windows Copilot گرنگترین تایبەتمەندییە لە نوێکردنەوەی Windows 11 23H2، بە بەردەست خستنی Bing لە sidebarی کۆمپیوتەردا و کۆنتڕۆڵ کردنی Settings و وەڵامدانەوەی پرسیارەکان و زیاتریش… بە کورتی تێهەڵکێش کراوە لەگەڵ تەواوی سیستەمەکەدا.

ئەمەش هەنگاوێکە پاش ئەوەی ویندۆز یارمەتیدەری کەسی Cortanaی کۆتایی پێ هێنا، دەیەوێت بەم تایبەتمەندییە نوێیە جێگای ئەو تایبەتمەندییە بگرێتەوە و بژاردەی زیاتریش بەردەست بخات.
یەکێکی دیکە لە گۆڕانکارییەکان بریتییە لە دیزاین کردنەوەی File Explorer بە وێنۆچکەی نوێکراوە و زیاتریش.
یەکێکی دیکە لە گۆڕانکارییەکان بریتییە لە پشتگیری ڕەسەن بۆ فایلی RAR و 7zip، کە پێشووتر پێویستت بە ئەپێکی وەک WinRar بوو بۆ ئەنجامدانی ئەم کارە، بەڵام مایکرۆسۆفت لەم وەشانەدا پشتگیری بۆ ئەم جۆرە فایلانە بە شێوەیەکی ڕەسەن زیاد کردووە و بۆ کردنەوەیان پێویست بە هیچ ئەپێک ناکات.
هەروەها مایکرۆسۆفت volume mixerی نوێ کردۆتەوە و دیزاینێکی نایابی پێ بەخشیوە.

بەکارهێنەرانی پێنووسی زیرەک تایبەتمەندییەکی نوێی نایاب بەدەست دەهێنن بە ناوی Ink Anywhere، کە ڕێگەت پێدەدات بە Surface Pen یان قەڵەمێکی تر لە سندووقێکی نووسیندا لە هەر شوێنێکی ویندۆزدا دەستنووس بنووسیت، پاشان ڕاستەخۆ سیستەمەکە نووسینەکەت دەگۆڕێت بۆ دەقی کۆمپیوتەری و لە شوێنی گونجاودا بەکاری دەهێنیت.
ئەگەر تۆ گەیمەریت، پێویست ناکات نیگەران بیت، مایکرۆسۆفت تۆشی لەبیر نەکردووە! پشتگیری ڕەسەنی بۆ کۆنتڕۆڵکردنی ڕووناکی RGB لە تایبەتمەندییەک بە ناوی Dynamic Lightning زیاد کردووە.

میران ئەبوبەکر
بەڕێوبەری نووسین لە پێگە و ماڵپەڕی کەی ئای تی ئێن، خوێندکاری کۆلێژی پزیشکی دەرمانسازی.