هەواڵ
9, تشرینی یەکەم 2023
داهێنانێکی هواوەی ئاشکرا دەبێت بۆ بەکارهێنانی کامێرای مۆبایل وەک مایکرۆ سکۆپ

هواوەی ناسراوە بۆ داهێنان لە بواری کامێرا و بوارەکانی دیکە بە گشتی، لە داهێنان نامەیەکدا کە ئێستا دەرکەوتووە و مێژووکەی دەگەڕێتەوە بۆ سەردەمی ڤایرۆسی کۆرۆنا، هواوەی سەرقاڵی پەرەپێدانی مۆدێکی مایکرۆی بووە بۆ نزیککردنەوەی تەنەکان تاوەکو 400 هێندە و بەکارهێنانی کامێرای مۆبایل وەکو مایکرۆ سکۆپ. مۆدەکە هێندە وردە کە دەتوانێت بەکتریا بچووکەکانی سەر ڕووی تەنێک ببینێت.
دەبێت دووری نێوان هاوێنەی کامێراکە و تەنەکە 0.5ملم بێت و بەم شێوەیە مۆبایلەکە دەتوانێت لە نێوان 20 بۆ 400 هێندە وێنەکە گەورە بکات.

ئەم تەکنەلۆژیایە بۆ وێنەگرتنی ڕاستەوخۆ سوودی لێ وەرناگیرێت، بەڵکو بۆ شیکار کردنی ڕووی تەنێک و زانینی وردە زیندەوەرەکانی سەری سوودی لێ وەردەگیرێت. تایبەتمەندییەکە بە 2 کامێرا ئەنجام دەدرێت، یەکەمیان کامێرای ئاسایی بۆ چرکاندنی وێنەکە، پاشان کامێرای مایکرۆی تایبەت بۆ کار پێ کردنی ئەم دۆخە.
وەک لەم وێنەیەی خوارەوەدا دەردەکەوێت کە دۆخەکە تاقی کراوەتەوە، مۆبایلەکە پێت دەڵێت ئەم جۆرە بەکتریایانە لەسەر ڕووی ئەو تەنە هەیە، وە لە کۆتاییدا پێت دەڵێت کە ئایا پێویستی بە پاککردنەوەیە یاخوود نا. لەم وێنەیەدا پێشنیار دەکات دەستەکە و سێوەکەش پاک بکرێنەوە.

پێدەچێت لە داهاتوودا ئەم داهێنانە جێبەجێ بکرێت و مۆبایلیش وەک مایکرۆ سکۆپێک سوودی لێ وەربگیرێت.
میران ئەبوبەکر
بەڕێوبەری نووسین لە پێگە و ماڵپەڕی کەی ئای تی ئێن، خوێندکاری کۆلێژی پزیشکی دەرمانسازی.