وەن پڵەس
19, تشرینی یەکەم 2023
وەن پڵەس یەکەمین مۆبایلی چەماوەی نمایش کرد

ئەمڕۆ وەن پڵەس کۆنگرەی بەست و یەکەمین مۆبایلی چەماوەی خۆی بە ناوی OnePlus Open نمایش کرد، کە هەمان تایبەتمەندییەکانی مۆبایلی Oppo Find N3 لە خۆ دەگرێت بەڵام لە بەشێکی دیکەی بازاڕەکانی جیهان بەردەست دەبێت. مۆبایلی چەماوەی OnePlus Open ڕوونمای یەکەم و سەرەکی قەبارەی 7.82 ئینجە لە جۆری AMOLED بە تەکنەلۆژیای LTPO و ڕوونی 2268 * 2440 پێکسڵ و تێکڕای نوێبوونەوەی 120 هێرتز و پشتیگری کردن لە +HDR10. ڕوونمای دووەمی مۆبایلەکە قەبارەی 6.31 ئینجە بە تەکنەلۆژیای لە جۆری AMOLED بە تێکڕای نوێبوونەوەی 120 هێرتز و پارێزەری Gorilla Glass Victus و ڕوونی 1116 * 2484 پێکسڵ و هەردوو ڕوونماکە کۆتا ڕووناکیان دەگاتە 2,800 نیت. چیپسێتی Snapdragon 8 Gen 2 لەسەر جێگیر کراوە و جۆری بیرگەکەی لە جۆری UFS 4.0 و جۆری ڕامەکەی لە جۆری LPDDR5x ـە. کامێراکانی مۆبایلەکە بە هاوبەشی لەگەڵ کۆمپانیای Hasselblad پارەی پێدراوە. کامێرای سەرەکی دواوەی ڕوونی 48 مێگاپێکسڵە بە هەستەوەری Sony LYTIA-T808 و کامێرای گۆشە فراوانیش بە هەمان ڕوونی لە خۆ دەگرێت لەگەڵ کامێرای دووربینی بە ڕوونی 64 مێگاپێکسڵ بۆ 3 هێندە نزیککردنەوەی جۆری ئۆپتیکاڵ و 6 هێندە نزیککردنەوەی جۆری هایبرد. هەر 3 کامێراکەی دواوەی مۆبایلەکە توانایان هەیە بە ڕوونی 4K و 60 وێنە لە چرکەیەکدا ڤیدیۆ تۆمار بکەن. هەروەها دوو کامێرای سێڵفی لە خۆ دەگرێت کە کامێرایەکی 20 مێگاپێکسڵی لە ڕوونی ناوەوەیەتی و کامێرایەکی 32 مێگاپێکسڵی لە ڕووی دەرەوەیەتی.

پاترییەکەی قەبارە 4,805 مللی ئەمپێر/کاتژمێرە و پشتیگری لە بارگاوی کەرەوەی 67 وات دەکات. بە پێی وتەی وەن پڵەس مۆبایلەکە بەرگەی 1,000,000 جار داخران و کردنەوە دەگرێت لەگەڵ ئەوەی مۆبایلەکە دوو ڕوونمای هەیە، ئەستووری تەنها 5.8 ملمە و کێشی تەنها 239 گرامە. بە 2 ڕەنگی جیاواز بەردەست دەبێت. 4 ساڵ نوێکردنەوەی ئەندرۆید و 5 ساڵ نوێکردنەوەی ئاسایشی مانگانەی پێدەگات. بڕوانامەی IPX4ـی بۆ دژە پرشەی ئاو هەیە.
مۆبایلەکە تایبەت دەبێت بە بەشێک لە وڵاتانی جیهان، بۆ بەشەکەی دیکەشی لە ژێر ناوی Oppo Find N3 بەردەست دەبێت. نرخی مۆبایلەکە بۆ بیرگەی 512 گێگابایت و ڕامی 16 گێگابایت لە وڵاتی هیندستان بریتییە لە 1,684 دۆلاری ئەمریکی و لە ئەمریکای باکوور بریتییە لە 1,699.
میران ئەبوبەکر
بەڕێوبەری نووسین لە پێگە و ماڵپەڕی کەی ئای تی ئێن، خوێندکاری کۆلێژی پزیشکی دەرمانسازی.