بابەتی گرینگ
10, تشرینی یەکەم 2025
ساڵیادی دامەزراندنی کەی ئای تی ئێن پیرۆزبێت؛ 14 ساڵ ڕووماڵی تەکنەلۆژیا پیشەییانە و بەکوردی!

ئەمڕۆ ساڵێکی تر چووە سەر تەمەنی تۆڕە نایابەکەی تەکنەلۆژیا لە کوردستان و ١٤ـیەمین ساڵیادی دامەزراندنی کەی ئای تی ئێن پیرۆز دەکەین. کەی ئای تی ئێن؛ ئەو تۆڕەی کە ستافێکی خۆبەخشی گەنج و لێهاتوو تاوەکو ئەمڕۆ بەبێ وچان و لێبڕوانە ئیشیان تێدا کردووە و بووە بە فێرگەیەک بۆ چەندین گەنج. لێرەوە پیرۆزبایی لە خۆمان و ئێوەی هاندەر و فان و میوانی بەردەوامی کەی ئای تی ئێن دەکەین. دەخوازین لەم خزمەتە بەردەوام بین و هەرچۆنێک بێت بە دێرێکیش بێت ڕۆژانە زانیاری نوێ و هەواڵ و گۆڕانکارییەکانی بواری تەکنەلۆژیا بۆ ئێوە بگوازینەوە.
تۆڕی تەکنەلۆژیای زانیاری کوردی ناسراو بە کەی ئای تی ئێن Kitn، لە ڕۆژێکی وەکو ئەمڕۆ و لە 10ی 10ی 2011 دامەزرا و دەستی کرد بە کاروچالاکییەکانی لە بواری تەکنەلۆژیا لە کوردستان بە دۆمەینی www.kitn.net. لەم ڕۆژەوە تاوەکو ئەمڕۆ، کە ڕێک دەکاتە ١٤ ساڵ، ئێمە لە خزمەت نەوەستاوین و بگرە بە خۆشحاڵییەوە چەندین گۆڕانکاری ڕیشەییمان لە بواری تەکنەلۆژیا بەرپاکرد، بەجۆرێک ئێستا ئەوانەی کە دێنە ناو بوارەکە یان هاتوونەتە ناوی و کەناڵ و پەڕ و ماڵپەڕ دادەمەزرێنن سود لە ئەزموونی چەند ساڵەی کەی ئای تی ئێن وەردەگرن و لە قسە و نوسین و شێوازی کارکردنیاندا پێوەیان دیارە کە سودمەندبوون لە ئەزموونی ئێمە. بێگومان ئەمە جێگەی شانازییە و بەمە دەگوترێت بوونی جێ پەنجە لە خزمەتکردندا. ئەمەش پێی دەگوترێت پێشەنگی و پیشەییانە کارکردن!
لە ڕاستیدا، ئەوەی گرنگە پاڵشتی ئێوەیە تاوەکو ئێمەش بتوانین بەردەوام بین. بێگومان لێرەشەوە دەیڵێین کە تۆڕەکەمان سەربەخۆیە و پەیوەندی بە هیچ لایەنێکەوە نییە. بۆیە تۆش ئەگەر دەتەوێت خزمەت بکەیت وەکو ئێمە، ئەوا دەرگای کەی ئای تی ئێن واڵایە و دەتوانین بابەت و نوسین و وتارەکانت بنێریت بەلەبەرچاوگرتنی ناوەڕۆکێکی ئاست بەرز و دروست لە ڕووی ڕێزمانی و داڕشتن و خاڵبەندییەوە و ئێمەش بە خۆشحاڵییەوە بڵاوی دەکەینەوە.
بەبیرتان دەهێنینەوە بە شێوەیەکی چڕ و بە ئاستێکی بەرزەوە لە ماوەی ڕابردوو دەستمان کردووە بە دروستکردنی ڤیدیۆی هەڵسەنگاندن و فێرکاری و ڕیل و ڤیدیۆی هەمەجۆری تەکنەلۆژی و لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بڵاویان دەکەینەوە، بۆیە پاڵپشتی ئێوە بۆ کەناڵی کەی ئای تی ئێن لە یوتیوب دەبێتە هاندەرێکی باش بۆ ڤیدیۆکانمان و بەردەوامیمان لە دروستکردنی ڤیدیۆیی نایاب! کرتە لێرە بکە بۆ کردنەوەی کەناڵی کەی ئای تی ئێن لە یوتیوب و سەبسکرایب کردنی…
کەی ئای تی ئێن لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان:
Facebook
Instagram
TikTok
YouTube
Telegram
X.com
چەند دیاریەکیشمان بەبۆنەی ١٤ـیەمین ساڵیاد بەخشیوە و کرتە لەم لینکە بکە تاوەکو تۆش بەشداربیت!
دوبارە پیرۆزبێت ئەم ڕۆژە مێژووییە و هەمیشە گەشاوەبێت تاکە تۆڕی باوەڕپێکراوی تەکنەلۆژی لە کوردستان!
بەڕێوەبەرایەتی تۆڕی تەکنەلۆژیای زانیاری کوردی (کەی ئای تی ئێن)
سەردار عبدالله
مامۆستای زانکۆ و هەڵگری ماستەر لە فێرکردنی زمانی ئینگلیزی و تەکنەلۆژیا. ساڵانێکە هەواڵ و زانیاری بە زمانی کوردی دەنوسم و ئێستاش لێرە هەم نوسەر و هەمیش بەڕێوەبەری گشتیم بۆ ماوەی زیاتر لە ١٤ ساڵە. هەروەک گرافیک دیزاینەریش خەونی منە! کرتە لە وێنۆچکەی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانم بکەن بۆ ئەوەی زیاتر بمناسن!