
کۆمپانیای مێتا بە فەرمی مۆدێلێکی نوێی ژیریی دەستکردی بە ناوی Muse Spark ڕاگەیاند. ئەمە یەکەمین بەرهەمی تاقیگەی (Meta Superintelligence Labs – MSL)ـە کە بە سەرپەرشتی پسپۆڕی دیاری بواری AI، ئەلێکساندەر وانگ (Alexandr Wang)، لە ماوەی تەنها ٩ مانگدا لە سفرەوە بنیاتنراوە.
گەورەترین هەژەند و سەرسامی لەم ڕاگەیاندنەدا ئەوەیە کە مێتا وازی لە سیاسەتی پێشووی هێناوە؛ ئەم مۆدێلە نوێیە جیاواز لە زنجیرەی Llama، سەرچاوەکراوە (Open-source) نییە و بەتەواوی داخراوە. ئامانجی مێتا دروستکردنی “سوپەر-ژیرییەکی کەسییە” (Personal Superintelligence) کە لە مۆبایلەکەتدا یارمەتیدەرت بێت.
ئەوەی ئەم مۆدێلەی نایابکردووە، بە کوردییەکی زۆر ئاستبەرز و نایاب وەڵام دەدەتەوە بە شێوەزارە جیاوازەکانیەوە. بەجۆرێک زۆر بەقوڵی بە مۆدێلی Thinking بیردەکاتەوە و وەڵامی ورد و دروستت پێ دەدات. تاقی بکەنەوە و بەخۆڕایی سودی لێ ببینن.
با خاڵ بەخاڵ بۆتان باس بکەم:
١. سێ دۆخی جیاوازی بیرکردنەوە:
بەپێی قورسیی پرسیارەکانت، مۆدێلەکە سێ شێوازی کارکردنی هەیە:
-
خێرا (Instant): بۆ پرسیارە ئاسایی و ڕۆژانەییەکان کە وەڵامی خێرایان دەوێت.
-
بیرکردنەوە (Thinking): بۆ شیکارکردنی کێشە قورسەکان و بیرکردنەوەی هەنگاو بە هەنگاو.
-
تێڕامان (Contemplating): دۆخێکی زۆر پێشکەوتووە کە چەندین بریکاری ژیریی دەستکرد (AI Agents) لە یەک کاتدا کار دەکەن. بۆ نموونە کاتێک داوای پلانی گەشتێک دەکەیت، یەکێکیان خەریکی داڕشتنی خشتەی گەشتەکە دەبێت و ئەوەی تریان بەدوای چالاکییەکاندا دەگەڕێت بۆ منداڵەکانت!
٢. گرنگیدانێکی بێوێنە بە تەندروستی:
مێتا لەگەڵ زیاتر لە ١٠٠٠ پزیشکدا کاری کردووە بۆ ئەوەی Muse Spark باشترین وەڵامی تەندروستی بداتەوە. دەتوانیت وێنەی خواردنێک بگریت و پێت بڵێت چەند کالۆری تێدایە، یان ڕێنماییت پێ بدات کە کام خواردن بۆ تەندروستیت گونجاوە.
٣. بەهێز لە بینین و شیکاری، لاواز لە کۆدکردن:
لە تاقیکردنەوەکاندا، Muse Spark زۆر بەهێزە لە تێگەیشتن لە وێنە، چارتەکان و شیکاری لۆژیکی، بە جۆرێک ڕاستەوخۆ ڕکابەری مۆدێلە زەبەلاحەکانی وەک GPT-5.4 و Claude Opus 4.6 و Gemini 3.1 Pro دەکات. بەڵام هێشتا لە بواری نووسینی کۆدی پڕۆگرامسازیدا (Coding) کەمێک لە دوای ڕکابەرەکانیەتی.

٤. دۆخی بازاڕکردن (Shopping Mode):
ئەم مۆدێلە لەناو ئینستاگرام و فەیسبووکدا بەکاردێت بۆ پێدانی پێشنیاری بازاڕکردن و کڕینی کەلوپەل بە پشت بەستن بەو شتانەی کە خەڵک و دروستکەرانی ناوەڕۆک (Creators) پۆستی دەکەن.
٥. کاراییەکی سەرسوڕهێنەر (١٠ هێندە کەمتر لە خەرجی!):
سەرەڕای ئەوەی مۆدێلەکە زۆر بەهێزە، بەڵام مێتا دەڵێت کە Muse Spark بە بەراورد بە مۆدێلەکانی پێشوو (وەک Llama 4 Maverick) نزیکەی ١٠ هێندە وزەی کۆمپیوتەریی کەمتر پێویستە بۆ کارکردن، ئەمەش وا دەکات خێراتر، زیرەکتر و هەرزانتر بێت بۆ ڕاپەڕاندنی کارەکان.
چۆن بەکاری بهێنم؟
ئەم مۆدێلە لە ئێستادا بە خۆڕایی لەسەر ئەپڵیکەیشنی (Meta AI) بۆ ئەندرۆید و ئای ئۆ ئێس و وێبسایتی (meta.ai) بۆ بەکارهێنەران بەردەستە. هەروەها لە چەند هەفتەی داهاتوودا وردە وردە جێگەی مۆدێلەکانی پێشوو دەگرێتەوە لەناو ئەپەکانی واتسئەپ، ئینستاگرام، مێسنجەر، فەیسبووک و چاویلکە زیرەکەکانی Ray-Ban.
پێت وایە مێتا بەم مۆدێلە نوێیەوە دەتوانێت پێش گووگڵ و OpenAI و Anthropic بکەوێت؟ ئایا تۆ متمانە بە فەیسبووک دەکەیت بۆ وەڵامدانەوەی پرسیارە تەندروستییەکانت؟ لە کۆمێنت ڕای خۆت بنووسە 👇