رەقەکاڵا 4, كانونی یه‌كه‌م 2019

هەستەوەری پەنجەمۆری ژێر ڕوونمای نوێی کوالکۆم دەتوانێت 2 پەنجە لە یەک کاتدا بخوێنێتەوە

لە میانەی بەڕێوەچوونی کۆنگرەی Snapdragon Tech Summit لە دوێنێدا، کۆمپانیای کوالکۆم هەستەوەرێکی پەنجەمۆری ژێر ڕوونمای نوێی بە ناوی 3D Sonic Max ـەوە ڕاگەیاند، کە توانای خوێندنەوەی 2 پەنجەی هەیە لە یەک کاتدا.

مەبەست لە ڕاگەیاندنی ئەم هەستەوەرە لە لایەن کوالکۆمەوە، بۆ چارەسەرکردنی ئەو کێشانە بوو کە هەستەوەری 3D Sonic Sensor هەیانبوو. هەستەوەری پەنجەمۆری ژێر ڕوونمای 3D Sonic Max گەورەترە و توانای هەیە لە یەک کاتدا 2 پەنجە بخوێنێتەوە، بە شێوەیەک کە 17 جار گەورەترە لە هەستەوەری 3D Sonic Sensor و ڕێگە بە بەکارهێنەر دەدات لە فراوانییەکی زیاتردا سوود لە هەستەوەرەکە ببینێت.

یەکێک لە بەڵێنەکان لە کاتی نمایشکردنی هەستەوەری پێشووی 3D Sonic Sensor درا، ئەوە بوو کە ئاسایشی زیاتر فەراهەم بکات، بەڵام لە ماوەی ڕابردوودا کەلێنێک کەوتە مۆبایلەکانی Samsung Galaxy S10 و ڕێگەی دەدا بە پەنجەی هەموو کەسێک قفڵی مۆبایلەکە بکرێتەوە.

وا دیارە لەگەڵ هەستەوەری نوێی 3D Sonic Max ـدا، زۆرینەی کێشەکان چارەسەر دەبن. سوپاس بۆ قەبارە گەورەکەی؛ کاتێک کە هەستەوەری 3D Sonic Sensor فراوانی 4 بە 9 میلیمەتر بوو، ئەم هەستەوەرە نوێیە فراوانی 20 بە 30 میلیمەترە. ئەمەش وا دەکات 17 جار گەورەتر بێت. بە پێی کوالکۆم بێت، ئەم هەستەوەرە نوێیە زۆرینەی ئەو کێشانە چارەسەر دەکات کە لە ڕابردوودا هەبوون، یەکێک لەو کێشانەش، کێشەی دیاریکردنی شوێنی پەنجە بوو لەسەر ڕوونما.

بە پێی وتەبێژێکی کۆمپانیاکە بێت، دەبێت ئەم هەستەوەرە نوێیە هیچ کەلێنێکی ئاسایشی تێنەکەوێت لە لایەن پارێزەرەکانی ڕوونماوە.

یەکێک لەو شتانەی کە نەگۆڕاون، خێراییەکەیەتی. ئەم هەستەوەرە نوێیە بە هەمان شێوەی هەستەوەرەکەی پێشووتر قفڵەکان دەکاتەوە و خێرایی زیاد نەکراوە، ئەمەش مایەی دڵخۆشبوون نییە.

تاوەکو ئێستا دیار نییە کە کام کۆمپانیا بۆ یەکەمجار هەستەوەرەکە بۆ ژێر ڕوونمای مۆبایلەکانی بەکاردەهێنێت، بەڵام بە پێی کات ئەمە ئاشکرا دەبێت.

سەرچاوە The Verge
بۆچونی تۆ