ئاسایشی ئەلیکترۆنی 14, كانونی یه‌كه‌م 2019

کەلێنێک دەبێتە هۆی تێپەڕاندنی تایبەتمەندی پارێزەری نوێی Communication Limit لە iOS 13.3

لە ڕۆژی سێشەممەی هەفتەی ڕابردوودا، کۆمپانیای ئەپڵ وەشانەکانی iOS 13.3 و iPadOS 13.3 ـی بە ژمارەیەک نوێکارییەوە بەردەستکرد، یەکێک لەو نوێکارییانە، تایبەتمەندی پارێزەری نوێی Communication Limit بوو کە ڕێگە بە دایکان و باوکان دەدات تاوەکو منداڵەکانیان سنووردار بکەن کە پەیوەندی لەگەڵ کێدا ببەستن و لە چ کاتێکدا پەیوەندی ببەستن. بەڵام وا دیارە ئێستا ئەم تایبەتمەندییە بێسوودە و بە تەواوی کار ناکات.

لە ڕاپۆرتێکدا، پێگەی CNBC ئاشکرای کردووە کە بە ئاسانی دەتوانرێت تایبەتمەندی Communication Limit لە iOS 13.3 ـدا تێبپەڕێندرێت. تێپەڕاندنی تایبەتمەندییەکە بە شێوەیەکە، کە لە دوای دەرکەوتنی نیشاندەری سنووردارکردنی ژمارە تەلەفۆنەکە لە ئەپی iMessages و پەنجەدان لە دوگمەی Add contact و زیادکردنی ناوێک و پاشەکەوتکردنی، خزمەتگوزارییەکە تێدەپەڕێنێت و ڕێگەت پێ دەدات تاوەکو قسە لەگەڵ ژمارە مۆبایلە سنووردارکراوەکەدا بکەیت. لە کاتێکدا کە نابێت ڕێگەت بدات قسە لەگەڵ ژمارە مۆبایلە سنووردارکراوەکاندا ئەنجام بدەیت. هەروەک پێگەکە لەم وێنە جوڵاوەدا تێپەڕاندنەکەی پشتڕاست کردۆتەوە:

ئەپڵ هەبوونی کەلێنێکی لەو جۆرەی لە تایبەتمەندییە نوێیەکەدا پشتڕاست کردۆتەوە و ڕایگەیاندووە کە کار لەسەر چارەسەرکردنی دەدەن. هەبوونی ئەم کەلێنە، مایەی نیگەرانییە، بە تایبەت کە لە لایەن ئەپڵەوەیە و لە تایبەتمەندییەکی زۆر نوێ و تایبەت بە منداڵاندا بوونی هەیە.

ئەپڵ ڕێکەوتی چارەسەرکردنی کەلێنەکەی بۆ پێگەی CNBC ئاشکرا نەکردووە، هەر بۆیە دیار نییە کە کەی چارەسەر دەکرێت. کۆمپانیاکە پێشنیاز دەکات تاوەکو هاودەمیکردنی ژمارە پەیوەندییەکان لە iCloud ـەوە بگۆڕیت بۆ هەژمارێکی دیکەی جیاواز بۆ بەدووربوون لەو کەلێنە.

سەرچاوە The Verge
بۆچونی تۆ