10
سامسۆنگ 23, كانونی یه‌كه‌م 2019

گرنگترین تایبەتمەندییەکانی مۆبایلی Galaxy S10 Lite دزەیان پێکرا

سامسۆنگ دەیەوێت بە زووترین کات مۆبایلێکی ئاست مامناوەند لە زنجیرەی Galaxy S10 بەردەست بکات، هەر وەک پێشووتر دەمانزانی، ئەو مۆبایلە ناوی Galaxy S10 Lite دەبێت.

لە پێشوودا چەند جارێک ڕێندەرە دزەپێکراوەکانی مۆبایلەکە بڵاوکرانەوە و دیزاینی ئاشکرا ببوو، ئەمجارە تایبەتمەندییەکانی دزەیان پێکرا. پێگەی WinFuture ـی ئەڵمانی ژمارەیەک وردەکاری سەبارەت بە تایبەتمەندییەکانی مۆبایلی Galaxy S10 Lite بەردەست کەوتووە. لە زانیارییە دزەپێکراوەکاندا، هاتووە کە مۆبایلەکە خاوەن ڕوونمایەک دەبێت بە قەبارەی 6.7 ئینج لە جۆری Infinity-O و بە وردی نیشاندانی 2400 بە 1080 پێکسڵ. پڕۆسێسەری Snapdragon 855 (نەوەک Exynos) ـی لەسەر جێگیر دەبێت و خاوەن ڕامێک دەبێت بە فراوانی 8 گێگابایت و بیرگەیەکی ناوەکیش بە قەبارەی 128 گێگابایت. خاوەن پاترییەک دەبێت بە توانستی 4,500 ملی ئەمپێر و پشتگیری لە بارگاویکردنەوەی خێرا دەکات بە توانای 45 وات.

سەبارەت بە کامێراکانی پشتەوەی، خاوەن 4 دانە کامێرای شێوە ڕیزکراوی ستوونی دەبێت بە ڕوونییەکانی 48 و 12 و 5 و 32 مێگاپێکسڵ. بە گشتی، دیزاینی پشتەوەی لە هەمان ئەو ڕێندەرانە دەچێت کە لە ڕابردوودا بە ناوی Galaxy S11 ـەوە بڵاو ببوونەوە.

پێشبینی دەکرێت مۆبایلی Galaxy S10 Lite لە ماوەیەکی زۆر نزیکدا لە ئەوروپا بە نرخی 680€ بەردەست بکرێت. بە پێی WinFuture بێت، مۆبایلەکە خاوەن ڕەنگەکانی ڕەش، سپی یان شین دەبێت. پێویستە چاوەڕێ بکەین ئەگەر بمانەوێت زیاتر بزانین.

سەرچاوە The Verge
بۆچونی تۆ