هەواڵ 28, كانونی یه‌كه‌م 2019

ساڵی داهاتوو هواوەی 100 ملیۆن مۆبایلی پشتگیر لە 5G دەخاتە بازاڕەکانی وڵاتی چینەوە

وا خەریکە ماڵئاوایی لە ساڵی 2019 دەکەین، ئێستا چاوەکان لەسەر ساڵی نوێن، کە پێشبینی دەکرێت ببێتە ساڵی نەوەی پێنجەمی پەیوەندی 5G. پێشبینی دەکرێت وڵاتی چینیش ببێتە گەورەترین بازاڕ بۆ نەوە نوێیەکەی پەیوەندی. هەروەها، دەگوترێت کۆمپانیای هواوەی چینی ساڵی داهاتوو زیاتر لە 100 ملیۆن مۆبایلی پشتگیر لە 5G لە نیشتیمانی خۆی، چین بەردەست دەکات.

بەڕێز Shoichi Tosaka بەڕێوەبەری گشتی کۆمپانیای Taiyo Yuden ـی ژاپۆنی تایبەت بە بەرهەمهێنانی بارگەگری مۆبایلە زیرەکەکان، ڕایگەیاندووە کە ژمارەیەکی زۆر داواکارییان بۆ ڕەوانە کراوە لە لایەن کۆمپانیا بەرهەمهێنەرەکانەوە بە مەبەستی بەرهەمهێنانی مۆبایلە پشتگیر لە 5G ـەکان لە چەند هەفتەی داهاتوودا. Tosaka دەڵێت کۆمپانیاکانی هواوەی و ZTE دوو گەورەترین کڕیاری کۆمپانیاکەین، بە شێوەیەک کە بە تەنها هواوەی زیاتر لە 100 ملیۆن داواکاری بۆ بەرهەمهێنانی مۆبایلی پشتگیر لە 5G ڕەوانەی کۆمپانیاکە کردووە.

ئەم داواکارییە زۆرانە، کۆمپانیای Taiyo Yuden دەکات بە گەورەترین بەرهەمهێنەری بارگەگری مۆبایلە زیرەکەکان.

پێشبینی دەکرێت کۆمپانیای هواوەی لە ساڵی داهاتوودا ژمارەیەکی زۆر مۆبایلی ناوازە و ئاست بەرزی پشتگیر لە نەوەی پێنجەمی پەیوەندی 5G لە سەرانسەری جیهان بە گشتی و بازاڕەکانی چین بە تایبەتی بەردەست بکات. بەڵام تەنها کات بۆمان ڕوون دەکاتەوە کە ئاخۆ 100 ملیۆن مۆبایلی پشتگیر لە 5G لە بازاڕەکانی چیندا بەردەست دەکات یاخود نا.

سەرچاوە GSMArena
بۆچونی تۆ