گووگڵ 29, كانونی یه‌كه‌م 2019

ڕێندەرەکانی مۆبایلی Google Pixel 4a بڵاوکرانەوە و وا دیارە خاوەن چاڵی ژێر ڕوونما و هەستەوەری پەنجەمۆر دەبێت

بە هۆی ئەوەی لە کۆتایی پێهاتنی ساڵەکە نزیک بووینەتەوە، ئێستا چاوەکان لەسەر ساڵی داهاتوون و چاوەڕوانی بەرهەمە تەکنەلۆژییەکانی کۆمپانیاکانین، بە تایبەت مۆبایلەکان.

وا دیارە گووگڵ دەستپێکی ساڵەکەی بە ڕاگەیاندنی مۆبایلێکی ئاست مامناوەند لە زنجیرەی Pixel 4 ڕادەگەیەنێت. بەڕێز Steve Hemmerstoffer، ناسراو بە OnLeaks، لە تویتەر ژمارەیەک ڕێندەرە وێنەی بڵاوکردۆتەوە و ڕایگەیاندووە کە گوایە ئەمە دیزاینی مۆبایلی نوێی گووگڵ دەبێت بە ناوی Google Pixel 4a. لە ڕووی دیزاینەوە، زۆر لە مۆبایلی Pixel 3a دەچێت.

وا دیارەی ڕەنگی بەرگی مۆبایلەکە لە جۆری مات دەبێت و بە ماددەی پلاستیکی ڕووپۆش دەکرێت. لە پشتەوە خاوەن کامێرایەک دەبێت بە ڕوونی 12 مێگاپێکسڵ و گڵۆپێکی فلاشی گەورەش لە تەنیشتی، ئەوەی جێگەی سەرنجە، کامێرا و گڵۆپە فلاشەکە لە چوارچێوەیەکی ڕەشی هاوشێوەی مۆبایلی Pixel 4 ـدا جێگیر دەکرێن. هەروەها هەستەوەری پەنجەمۆر لە پشتەوە جێگیر دەکرێت.

دوگمەکانی دەستکاریکردنی ئاستی دەنگ و وزە لە لاتەنیشتی چەپدا هێڵدراونەتەوە و خاوەن دەرچەی بیستۆکی 3.5 میلیمەتری دەبێت لە سەرەوە، هەروەها وا دیارە خاوەن دەرچەی USB-C دەبێت.

لە ڕووی ڕووی پێشەوەیدا، پێدەچێت قەبارەی ڕوونماکەی 5.7 یاخود 5.8 ئینج ببێت، هەروەها چوارچێوەکەی کەمێک فراوان دەبێت. ئەوەی جێگەی سەرنجە، ڕێندەرەکان نیشانی دەدەن کە مۆبایلەکە لە پێشەوە خاوەن چاڵی ژێر ڕوونما دەبێت بۆ جێگیرکردنی کامێرای پێشەوە (سێڵفی)، هاوشێوەی مۆبایلەکانی سامسۆنگ لە ساڵی 2019 ـدا.

زانیاری زیاتر سەبارەت بە مۆبایلە ئاست مامناوەندەکەی گووگڵ لەبەر دەستتدان. دەگوترێت خاوەن بیرگەیەک دەبێت بە فراوانی 4 یاخود 6 گێگابایت، هەروەها پڕۆسێسەری Snapdragon 730 یاخود Snapdragon 765 ـی لەسەر جێگیر دەبێت و پێدەچێت پشتگیری لە نەوەی پێنجەمی پەیوەندی 5G بکات. پێشبینی دەکرێت لە پاڵ بەردەستکردنی بە ڕەنگەکانی ڕەش و سپییەوە، بە ڕەنگەکانی پرتەقاڵی و پەمەییەشەوە بەردەست بکرێت.

چاوەڕوان دەکرێت کۆمپانیای گووگڵ مۆبایلی Google Pixel 4a لە کۆنگرەی داهاتووی I/O ـی خۆیدا نمایش بکات.

سەرچاوە Android Police
بۆچونی تۆ