ئەپ و نەرمەکاڵا 23, كانونی دووه‌م 2020

دۆخی تاریک (Dark Mode) بۆ وەشانی داهاتووی WhatsApp لە Android زیاد دەکرێت

کۆمپانیای فەیسبووکی خاوەن خزمەتگوزاری نامەبەری WhatsApp، دۆخی تاریکی بۆ دواین وەشانی تاقیکاری WhatsApp لە Android زیاد کردووە.

ئەو وەشانە تاقیکارییەی WhatsApp کە دۆخەکەی بۆ زیاد کراوە، وەشانی ژمارە 2.20.13 ـە و دۆخەکە بە ناوی “Dark Theme” ـەوەیە. دۆخەکە دەتوانرێت لە ڕێگەی لیستی ڕێکخستنەکان لە بەشی Chats کارا بکرێت یاخود ناکارا بکرێت، هاوکات توانای هەیە لەگەڵ سیستەمدا مامەڵە بکات و لەگەڵ کارابوونی دۆخی تاریکی سیستەم، دۆخی تاریکی ئەپەکەش خودکارانە کارا ببێت.

دۆخە تاریکەکەی WhatsApp بە تەواوی ڕەش و تاریک نییە و ڕەنگەکەی نزیکە لە خۆڵەمێشی تۆخەوە، بەڵام بە لایەنی کەمەوە لە پاشبەندە سپییەکەی تاریکترە.

دۆخی تاریک پاشبەندی ئەپەکان دەگۆڕێت بۆ ڕەنگی ڕەش بە مەبەستی تاریک کردنی لە شەودا و ئازار نەگەیاندن بە چاوەکانی بەکارهێنەر، هەروەها وزەیەکی زیاتری پاتری لە ئامێرە خاوەن ڕوونما OLED ـەکاندا پاشەکەوت دەکات.

لە ئێستادا دۆخی تاریکی ئەپەکە لە Android تەنها بۆ دواین وەشانی تاقیکاری بەردەستە، هەروەها وا دیارە پڕۆسەی تاقیکاری WhatsApp هیچ کەسێکی نوێ وەرناگرێت، بەڵام دەتوانیت لە ئەستۆی خۆت لێرەوە وەشانی تاقیکاری ئەپەکە بە شێوەی APK دابگریت. چاوەڕوان دەکرێت دۆخەکە بۆ وەشانی گشتی داهاتووی ئەپەکە زیاد بکرێت.

سەرچاوە The Verge9To5Google
بۆچونی تۆ