ئەپڵ 15, شوبات 2020

ئەپڵ 5 کۆگای فەرمی خۆی لە شاری بەیجینی وڵاتی چین کردەوە

لە سەرەتای ئەم مانگەدا، کۆمپانیای ئەپڵ سەرجەم ئۆفیس و کۆگا فەرمییەکانی خۆی لە ناوچە جیاوازەکانی وڵاتی چین بە هۆی ڤایرۆسی کۆرۆناوە داخست. کۆمپانیاکە 5 دانە لە کۆگا فەرمییەکانی خۆی لە پایتەختی وڵاتی چین، بەیجین کردەوە.

5 کۆگا فەرمییەکانی ئەپڵ کە لە شاری بەیجین کرانەوە، بریتین لە کۆگایەکانی Sanlitun و Apple Mall China و Chaoyang Joy City و Wangfujing و Xidan Joy City. گۆڕانکاری لە کاتی کردنەوەی ڕۆژانەی کۆگایەکان ئەنجام دراوە و لەمەودوا لە کاتژمێر 11 ـی بەیانی تاوەکو کاتژمێر 6 ـی ئێوارە کراوە دەبن، لە کاتێکدا پێشووتر کاتی کرانەوەیان لە کاتژمێر 10 ـی بەیانی تاوەکو کاتژمێر 10 ـی شەو بوو.

تاوەکو ئێستا، کۆمپانیاکە تەنها ئەو 5 کۆگا فەرمییەی خۆی لە وڵاتەکەدا کردۆتەوە، هێشتا ژمارەیەکی زۆر کۆگا ماون تاوەکو بیانکاتەوە و کارکردنی تێدا ئاسایی بکاتەوە.

تاوەکو ئێستا ژمارەی تووشبووانی ڤایرۆسی کۆرۆنا گەیشتۆتە 60,000 کەس و 1,370 کەسیش بە هۆیەوە گیانیان لەدەست داوە. چەند هەفتەیەک دەبێت ڕێکخراوی تەندرووستی جیهانی باری نائاسایی لە جیهاندا ڕاگەیاندووە بە هۆی ڤایرۆسە کوشندەکەوە. بە هۆی ڤایرۆسەکەوە، بە هەزاران کارگە لە ناوخۆی وڵاتی چیندا پەکخراون و کاری کردۆتە سەر زۆرینەی ناوچەکانی جیهانیش، هەروەها کۆنگرەی جیهانی مۆبایل (Mobile World Congress) ـیش بۆ ئەمساڵ بە هۆی ڤایرۆسی کۆرۆناوە ئەنجام نادرێت، کە وا بڕیار بوو لەم مانگەدا لە وڵاتی ئیسپانیا ئەنجام بدرایە.

سەرچاوە The Verge9To5Mac
بۆچونی تۆ