ئامێرە هەمەجۆرەکان 9, ئازار 2020

وێنە و تایبەتمەندییەکانی بیستۆکی بێوایەری Apple Powerbeats 4 دزەیان پێکرا

لە سەرەتاکانی ئەمساڵدا، کۆمپانیای ئەپڵ وەشانی iOS 13.3.1 ـی بۆ هەمووان بەردەستکرد و وێنەی نەوەی نوێی بیتسۆکی Apple Powerbeats ـی تێدا بەدیار کەوت، ئەمەش ئاماژە بوو بۆ ئەوەی کە ئەپڵ لە ئەمساڵدا بیستۆکی بێوایەری Apple Powerbeats 4 بەردەست دەکات.

پێگەی WinFuture ـی ئەڵمانی، ژمارەیەک وێنە و تایبەتمەندی بیستۆکی بێوایەری نوێی Apple Powerbeats 4 بەردەست کەوتووە و بڵاویانی کردووەتەوە. پێگەکە دەڵێت بیستۆکە بێوایەرە نوێیەکە خاوەن پاترییەک دەبێت کە بەرگەی بەکارهێنانی بەردەوامی تاوەکو 15 کاتژمێر دەگرێت و بە بارگاویکردنەوەی 5 خولەک، پاتری بیستۆکەکە بۆ ماوەی 60 خولەک بەکارهێنان دەبەخشێت. لە کاتێکدا پاتری نەوەی پێشووتری بە ناوی Apple Powerbeats 3، بەرگەی بەکارهێنانی بەردەوامی تاوەکو 12 کاتژمێر دەگرت.

لە ناوەوە، بیستۆکە بێوایەرەکە خاوەن چیپی نوێی H1 ـی ئەپڵ دەبێت، کە بەم هۆیەوە خاوەن تایبەتمەندی “Hey Siri” دەبێت و توانای پەیوەندی بەستنی باشتر دەبێت. پێگەکە ژمارەیەک وێنەی بیستۆکە بێوایەرەکەشی بڵاو کردووەتەوە، کە بە بەراورد بە بیستۆکی Powerbeats 3، وا دیارە گۆڕانکاری لە دیزاینی بیستۆکی Powerbeats 4 ـدا کراوە و لە جیاتی ئەوەی وایەرەکەی لە پێشەوە بڕواتەوە پشت گوێ، ڕاستەوخۆ لە پشت گوێوە دەچێتە پشتەوە.

یەکەم دەرکەوتنی بیستۆکەکە لە وەشانی iOS 13.3.1 ـی مانگی کانوونی دووەمی ئەمساڵدا بوو، هەروەها لە ماوەی ڕابردوودا لە داتابەیسی FCC ـدا بەدیار کەوت.

ڕێکەوتی بەردەستکردنی بیستۆکی بێوایەری Apple Powerbeats 4 تاوەکو ئێستا نەزاندراوە. بیستۆکی بێوایەری Apple Powerbeats 3 لەگەڵ نمایشکردنی iPhone 7 ـدا نمایشکرا، هەروەها دەگوترا لە ساتەوەختێکی ئەم مانگەدا ئەپڵ بیستۆکەکە ڕادەگەیەنێت، بەڵام بە هۆی ئەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا بە نزیکەیی سەرجەم بۆنە و کۆنگرە تەکنەلۆژییەکانی ئەمساڵی هەڵوەشاندەوە، وا پێناچێت ئەپڵ هیچ بۆنەیەکی تایبەت لەم ساتەوەختە هەستیارەدا ئەنجام بدات بۆ نمایشکردنی بیستۆکە بێوایەرەکە.

سەرچاوە The Verge
بۆچونی تۆ