مایکرۆسۆفت
17, ئازار 2020
ژمارەی ئامێرە کارکردووەکانی Windows 10 گەیشتە زیاتر لە 1 ملیار دانە

دوێنێ کۆمپانیای مایکرۆسۆفت ئاشکرای کرد کە لە کۆتایدا ژمارەی ئامێرە کارکردووەکانی Windows 10 توانی 1 ملیار دانە تێبپەڕێنێت.
مایکرۆسۆفت دەڵێت لە ئێستا زیاتر لە 1 ملیار ئامێری چالاک لە 200 وڵاتی جیهاندا لەسەر سیستەمی Windows 10 کار دەکەن. کۆمپانیاکە ئاشکرای کرد کە ئەم ژمارەیە هەر یەکە لە ئامێرەکانی کۆمپیوتەر و لاپتۆپ و سەکۆیەکانی Xbox One و ئامێرەکانی HoloLens دەگرێتەوە کە لەسەر سیستەمەکە کار دەکەن.
لە ڕاستیدا، ئەمە ئامانجی سەرەکی کۆمپانیای مایکرۆسۆفت بوو لە 2 ساڵی ڕابردوودا و دەیویست بە زووترین کات ئەو ژمارەیە بگەیەنێتە ملیارێک.
گەیشتنی سیستەمەکە بەم ژمارەیە، لە دوای نزیکەی 5 ساڵ لە بەردەستکردنییەوە دێت، هەروەها لە پاش چەند مانگێک لە وازهێنانی ئێجگاری لە پشتگیریکردنی سیستەمی Windows 7 دێت لە لایەن مایکرۆسۆفتەوە.
لە زاری Yusuf Mehdi، بەڕێوەبەری ئامێرەکانی مایکرۆسۆفتەوە بێت، سیستەمی Windows 10 لەسەر زیاتر لە 80,000 مۆدێلی جیاوازی کۆمپیوتەر و لاپتۆپە 2 لە 1 ـەکان لە لایەن زیاد لە 1,000 کۆمپانیای بەرهەمهێنەرەوە کار دەکات.
ماکوان بەرزان
نووسەری پێشکەوتوو لە Kitn لە ٢٠١٨ ـەوە.
ئەندازیاری iOS لە Gateway.
خوێندکاری ئەندازیاریی ئایتی لە زانکۆی پۆلیتەکنیکی سلێمانی.