ئەپڵ 3, نیسان 2020

ئەمڕۆ ئەپڵ iPhone SE بە ڕوونمایەکی قەبارە 4.7 ئینجی و تایبەتمەندی بەرزەوە ڕادەگەیەنێت

دەنگۆکان لەسەر ئایفۆنێکی قەبارە بچووکی نوێی ئەپڵ بە ناوی iPhone SE 2 یاخود iPhone 9 مێژوویەکی درێژی هەیە، بەڵام لەم ماوەیەدا دەنگۆکان لە هەموو کات زیاتر لەسەری چڕتر بوونەوە. ئاشکرا بوو کە ئەمڕۆ ئەپڵ ئایفۆنە نوێیەکە ڕادەگەیەنێت.

پێگەی 9to5Mac ڕایدەگەیەنێت کە لە سەرچاوەیەکی نادیارەوە بۆیان ئاشکرا بووە کە هەر ئەمڕۆ (3-4) کۆمپانیای ئەپڵ ئایفۆنێکی نوێ بە ناوی iPhone SE ڕادەگەیەنێت و لە ئێستادا ئەپڵ ئامادەیە بۆ فرۆشتنی ئایفۆنەکە بە شێوەی داواکاری پێشوەختە. پێشتر دەنگۆکان گوتبوویان ئەو ئایفۆنە نوێیە ناوی iPhone 9 دەبێت، بەڵام یەکلایی بووەوە کە هیچ ئایفۆنێک نابینین بە ئەو ناوەوە، بەڵکو ناوی iPhone SE دەبێت.

هەروەها پێگەکە تایبەتمەندی و زانیارییەکانی ئایفۆنە نوێیەکەشی دەستکەوتووە. iPhone SE ـی نوێ خاوەن ڕوونمایەک دەبێت بە قەبارەی 4.7 ئینج و مۆبایلەکە خاوەن هەمان دیزاینی iPhone 8 ـی ساڵی 2017 دەبێت، پڕۆسێسەری A13 Bionic ـی سەر ئایفۆنەکانی iPhone 11 و iPhone 11 Pro ـی لەسەر جێگیر دەبێت و لە پێشەوە خاوەن دوگمەی هۆم و هەستەوەری ناسێنەرەوەی پەنجەمۆر دەبێت.

ئایفۆنە نوێیەکە بە ڕەنگەکانی ڕەش و سپی و سوورەوە و بە بیرگەکانی 64 و 128 و 256 گێگابایتیەوە بەردەست دەکرێت. نرخی ئایفۆنە نوێیەکە پشتڕاست نەکراوەتەوە، بەڵام پێشتر دزەپێکراوەکان بۆ چەند جارێک دووپاتیان کردەوە کە نرخی لە 399$ ـەوە دەست پێدەکات.

هەروەها ئەپڵ بە هەڵە لە کۆگای سەرهێڵی خۆی بەرگی ئایفۆنەکەی بەردەستکرد بۆ فرۆشتن.

بەکارهێنانی ناوی iPhone SE بۆ ئەم ئایفۆنە نوێیە لە کاتێکدایە کە ئەپڵ هەمان ناوی بۆ ئایفۆنێکی قەبارە 4 ئینج لە ساڵی 2016 بە هەبوونی دیزاینی iPhone 5s ـەوە بەکارهێنا.

پێشبینی دەکەین لە دوانیوەڕۆی ئەمڕۆ و لە نێوان کاتژمێر 4:00 بۆ 6:00 ـدا بە کاتی هەولێر ئەپڵ ئایفۆنە نوێیەکە ڕابگەیەنێت.

سەرچاوە 9To5Mac
بۆچونی تۆ