ئای ئۆ ئێس 11, ئازار 2020

نیشاندەری ماوس لە وەشانی iPadOS 14 بۆ ئایپاد باشتر دەکرێت

کاتێک ئەپڵ لە هاوینی ساڵی ڕابردوودا وەشانی iPadOS 13 ـی بۆ ئایپادەکان ڕاگەیاند، بۆ یەکەمجار وەشانەکە پشتگیری لە کارپێکردنی ماوسە بێوایەرەکان دەکرد. ئێستا دەگوترێت ئەپڵ نیشاندەری ماوسی سیستەمەکە باشتر دەکات.

پێگەی 9to5Mac توانیویانە کۆدەکانی وەشانی iOS 14 ـیان دەست بکەوێت، بەم شێوەیە ئاشکرایان کردووە کە ئەپڵ لە وەشانەکەدا بەشی ڕێکخستنەکانی ماوسیان لە ئەپی Settings دەوڵەمەندتر کردووە و زۆرینەی ئەو تایبەتمەندییانەی بۆ زیاد کراوە کە ماوسی ئامێرەکانی ماک توانای ئەنجامدانیان دەبێت. یەکێک لەو تایبەتمەندییانە، بریتی دەبێت لە نیشاندانی شێوازی جیاواز بۆ نیشاندەری ماوس بە پێی جوڵاندنی. هەروەها وا دیارە ئەپڵ کار لەسەر زیادکردنی پشتگیری دوو جار کرتە کردن لە بەشی ڕاستی ماوس دەکات هاوشێوەی ماک.

هەروەها 9to5Mac دەڵێت لە وەشانەکەدا یاریدەدەری دیکەیان دۆزیوەتەوە کە ئاماژە بە بەردەستکردنی 2 جۆری نوێ لە تەختەکلیلە زیرەکەکان بۆ ئایپاد دەکات، مانگی ڕابردوو دەنگۆیەک گوتی کە ئەپڵ جوڵێنەری Trackpad بۆ تەختەکلیلی زیرەکی ئایپادەکان زیاد دەکات.

هێشتا چەند مانگێک ماوە بۆ ڕاگەیاندنی iOS 14 و iPadOS 14، بەڵام سوپاس بۆ 9to5Mac، وا دیارە پێش ڕاگەیاندنیان زۆرینەی تایبەتمەندییەکانی وەشانەکان دەزانین.

سەرچاوە The Verge
بۆچونی تۆ