ئەپڵ 30, ئازار 2020

پێگەی Bloomberg: بەردەستکردنی ئایفۆنە نوێیەکانی ئەمساڵ دواناخرێت

لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا ژمارەیەک دزەپێکراو ئاشکرایان کرد کە ئەگەر زۆرە بەردەستکردنی ئایفۆنە نوێیەکانی ئەمساڵ بۆ 1 تاوەکو 2 مانگ دوابکەوێت بە هۆی قەیرانی کەمی پارچە و نەبوونی خواست لەسەر بەرهەمە تەکنەلۆژییەکان بە هۆی ڤایرۆسی کۆرۆناوە.

پێگەی Bloomberg ئەو دەنگۆیانە ڕەت دەکاتەوە و لە نوێترین ڕاپۆرتیدا ڕایدەگەیەنێت کە بەردەستکردنی هیچکام لە ئایفۆنە نوێیەکانی ئەمساڵ دواناخرێت و یەکەمین ئایفۆنەکانی پشتگیر لە 5G لە ئەمساڵدا بە بێ دواخستن بەردەست دەکرێن.

پێگەکە دەڵێت کۆمپانیای Foxconn ـی درووستکەری ئایفۆنە نوێیەکان دەستی بە کارکردنی ئاسایی خۆی کردووەتەوە و ژمارەی پێویستی لە کارمەندەکانی بە پێدانی بەخشیش گەڕاندووەتەوە سەر کار، بەمەش تاوەکو ئێستا ڕێکەوتی بەردەستکردنی ئایفۆنە نوێیەکانی ئەمساڵ وەک خۆی ماوەتەوە.

هەمان پێگە لە سەرەتاکانی ئەمساڵدا ڕایگەیاند کە پێناچێت بەردەستکردنی ئایفۆنە نوێیەکانی ئەمساڵ دواخستن بە خۆیەوە ببینێت، لەبەر ئەوەی بەرهەمهێنانیان لە مانگی مایسدا دەست پێدەکات.

هەر سەبارەت بەمە، لە چەند ڕۆژی ڕابروودا پێگەی Reuters ڕایگەیاند کە ئەپڵ بەردەستکردنی ئایفۆنە نوێیەکانی ئەمساڵ دوادەخات، بەڵام ئەگەر هەیە کە لە ڕێکەوتی ڕاستەقینەی خۆیاندا بەردەست بکرێن.

پێشبینی دەکرێت لە ئەمساڵدا ئەپڵ 3 جۆر ئایفۆن بە قەبارەکانی 5.4 و 6.1 و 6.7 ئینج ڕابگەیەنێت، کە سەرجەمیان خاوەن ڕوونمای جۆری OLED دەبن و پشتگیری لە نەوەی پێنجەمی پەیوەندی 5G دەکەن، وە چوارچێوەکانیان تەخت دەبن هاوشێوەی iPhone‌‌ 4 یاخود iPad Pro.

سەرچاوە MacRumors
بۆچونی تۆ