ئای ئۆ ئێس 24, ئایار 2020

چەند مانگێکە وەشانی سەرەتایی سیستەمی iOS 14 لە ئینتەرنێتدا بەردەستە

لە هەواڵێکی سەیری پێگەی Vice ـدا، ئاشکرابووە کە لە مانگی شووباتی ئەمساڵەوە، توێژەرە ئاسایشی و هاککەر و نووسەرە تەکنەلۆژییەکان توانای بەکارهێنانی وەشانی سەرەتایی سیستەمی iOS 14 ـیان هەبووە، کە وا بڕیارە مانگی داهاتوو بە شێوەی تاقیکاری بۆ گەشەپێدەران بەردەست بکرێت.

پێشتر ژمارەیەک دەنگۆ لە بارەی تایبەتمەندییەکانی وەشانی iOS 14 ـەوە بوونیان هەبوون، ئەم هەواڵە ئەوە پشتڕاست دەکاتەوە کە ئەگەری ڕوودانی ئەو دەنگۆیانەی پێشووتر زۆر بەهێزە. ئاساییە ئەگەر بەشێکی تایبەتمەندییەکانی وەشانە نوێیەکانی iOS دزەیان پێبکرێن و لە ئینتەرنێتدا بڵاو بکرێنەوە، بەڵام هەرگیز ڕووی نەداوە کە وەشانێکی سەرەتایی نوێی iOS لە ئینتەرنێتدا دزەی پێبکرێت و ژمارەیەک کەس توانای بەکارهێنانیانی هەبێت.

گرنگترین دزەپێکراوەکانی پێشووتری وەشانی iOS 14، بریتین لە هەبوونی ئەپێکی نوێی وەرزشی، API ـی PencilKit بۆ گەشەپێدەران، نوێکردنەوەی ئەپی iMessage، ڕووکارێکی نوێ بۆ پەڕەی هۆم، توانای تاقیکردنەوەی ئەپەکان لە ڕێگەی کۆدی QR و زیاتر. بەڵام هەمیشە ئەگەر هەیە کە لە سەرەتادا ئەپڵ بەردەستکردنی هەندێک لە تایبەتمەندییە نوێیەکانی وەشانە نوێیەکە بۆ ماوەیەک دوابخات و لە سەرەتادا بەردەستیانی نەکات.

لە ساڵانی پێشووتردا، ئەپڵ وەشانە نوێیەکانی iOS ـی لە کۆنگرەی گەشەپێدانی جیهانی WWDC و لە مانگی حوزەیراندا بۆ گەشەپێدەران بەردەستکرد، هەر بۆیە چاوەڕوان دەکرێت بۆ ئەمساڵیش ئەپڵ درێژە بەم نەریتە بدات و لە کۆنگرەی WWDC20 ـدا وەشانی iOS 14 بە شێوەی تاقیکاری بۆ گەشەپێدەران بەردەست بکات، کە وا بڕیارە لە مانگی داهاتوودا بە شێوەی سەرهێڵی ئەنجام بدرێت.

سەرچاوە The Verge
بۆچونی تۆ